بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی ئازاری 2022 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە ئەمیر حوسێن قازیزادە هاشمی، یاریدەدەری سەرۆکی ئێران و سەرۆکی دەزگای شەهیدانی ئێران و گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتی دۆست.
لە سەرەتای دیدارەکەدا ئەمیر حوسێن قازیزادە سڵاوی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئێرانی گەیاندە سەرۆک بەرهەم، ھەروەھا سەرۆک کۆمار سڵاوی خۆی ئاڕاستەی سەرۆک کۆماری ئێران کرد.
ھەر لەدیدارەکەدا جەختکرایەوە لە پێویستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەبوارە جیاجیاکان و ئاڵوگۆڕکردنی شارەزا و ئەزموونەکان و کاراکردنی لێکتێگەیشتن و رێککەوتننامەکانی نێوان هەردوولا لەبوارە جیاجیاکاندا لەرێگەی پلان و وەبەرهێنان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.
لەلای خۆیەوە ئەمیر حوسێن قازیزادە، جەختیکردەوە لەسەر پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ عێراق لەبوارە جیاجیاکان و پتەوکردنی هاوکاری و ھەماھەنگی دووقۆڵی لەنێوان هەردوو وڵات، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دۆست بکات./.