بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەمەد بن جاسم سەرۆک وەزیرانی پێشووتری قەتەر داوای لە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس کرد تا بە هۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیاوە پێداچوونەوە بە هەندێک سیاسەتی خۆیاندا بکەن و ستراتیژێکی کورت ماوە و درێژماوەیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانکارییەکان هەبێت.
ناوبراو لە زنجیرە تویتێکدا وتی: لە کاتێکدا کە شەڕی ئۆکرانیا بووەتە جێی سرنجی جیهانیان، ناوبانگی ئەورووپا، ناتۆ و ئەمریکا لە مەترسیدایە، ئەورووپا پاش ساڵانێک کەمتەرخەمی بۆ پێکهێنانی هێزێکی سەربازیی هاوبەش کە بتوانێت پارێزەری لە وڵاتان و بڕیارەکانی بکات، ژمارەی سوپاکان و کەرەستە سەربازییەکانی کەمکردەوە و ئێستا لەو خەوی بێخەبەرییەی هەستاوە.
حەمەد بن جاسم وتی: لە جیهانی ئەمڕۆدا دەبێت وڵاتان خوێندنەوەیان بۆ دۆخی ئێستا و داهاتووی خۆیان هەبێت و بە دوور لە هەر هەڵە و پەلەیەک، هاوپەیمانییەکانی نوێی خۆیان لە سەر بنەمای زانستی و ستراتیژی پێک بێنن، ڕەنگە ئەمە ڕێگایەک بێت کە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس دەبێت بە هۆی لێکەوتەکانی قەیرانی ئۆکرانیا لە ئەورووپا تاقیبکاتەوە.
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری قەتەر وتی: مەترسییەکانی دۆسیەی ئۆکرانیا هەڕەشە لە جیهان بە گشتی و ناوچەکەی ئێمە بە تایبەتی دەکات، هەر بۆیە دەبێت وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس پێداچوونەوە بە سەر دۆخی خۆیان لە بوارە جیاجیاکاندا بکەن و ستراتیژی کورت ماوە و درێژماوەیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانکارییەکان هەبێت./.