بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید خەتیب زادە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی سەبارەت بە دوایین ڕەوشی دانوستانەکانی ڤیەننا، وتی: سەردانەکەی عەلی باقری بۆ تاران وەک سەردانەکانی دیکەی بۆ ڕاوێژی پێویست بووە، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران سەرپەرشتی دانوستانەکان دەکات و سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکەش سەرۆک کۆمارە و سەردانەکەی باقریش سەبارەت بەو بابەتانە بووە کە هێشتا لە دانوستانەکاندا باسی لە سەر دەکرێت.
ناوبراو وتی: ڕەشنووسی ڕێکەوتن ئامادە کراوە و پێویستی بەوە دەکرد تاوتوێ بکرێت، لە دوو یان سێ بابەتدا هێشتا ئەمریکا و لایەنەکانی ڕۆژئاوا بڕیاریان نەداوە، لەم چەند ڕۆژەدا لە سەرجەم پەیوەندییەکاندا هەوڵی ئەوەماندا کە دیسانەوە هێڵە سوورەکانی ئێران ڕوون بکەینەوە و بۆ لایەنی ڕۆژئاوا بە تەواوی ئاشکرا بێت کە ئێران چی دەوێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: ئێستا گەیشتووینەتە خاڵێک کە پێم وایە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی لە هێڵە سوورەکانی ئێران تێدەگەن و بە دڵنیاییەوە لەو هێڵە سوورانەش پاشگەز نابینەوە و چاوەڕوان دەکەین لایەنی بەرامبەر کات بە فیڕۆ نەدات.
خەتیب زادە وتی: ڕەشنووسەکە بە هاوبەشی ئامادە کراوە و لە سەدا 98 ی بە هاوبەشی نووسراوە و ئەوەی کە ماوە دەبێت چارەسەر بکرێت، لە ڤیەننا نین کە ڕێکەوتنی نوێ بکەین، ڕێکەوتنەکە لە 2015 کراوە، ئێمە و 1+4 لە ڤیەنناین کە دڵنیا بین ئەگەر ئەمریکا دەیەوێت بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی بگەڕێتەوە، کاتی نییە و دەبێت بە کردەوە ئەوە بسەلمێنێت پابەندی بەڵێنەکانی خۆیە.
وتیشی کە ئەگەر مافە ڕەواکانی ئێران لە بەرچاو بگیرێت لە خاڵێکی باشداین بگەینە ڕێکەوتن./.