بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەڤاڵ ئەبوبەکر لە کۆبوونەوەی لە گەڵ چالاکوانانی ئابوریی پارێزگای کوردستان سەبارەت بە کردنەوەی ناوچەی ئازادی بازرگانیی هاوبەش لە مەریوان وتی: دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پرۆژەی ناوچەی ئازادی بازرگانیی هاوبەشی بانە و مەریوان، دەرفەتێکی گونجاوە تا خەڵک کاڵای باش و بەکوالیتی بکڕن.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە دەرفەتی هاتووچۆی 24 کاتژمێری لە دیوی هەرێمی کوردستانی خاڵی سنوری باشماخەوە دابین کراوە، وتی: پێویستە لە دیوی ئێرانیشەوە ئەمە لە بەرچاو بگیرێت تا ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی خەڵک و گەشتیارانی هەر دوو لا بکرێت.
پارێزگاری سلێمانی داوایکرد کە پارێزگای کوردستانیش هاوکاری باشی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی سنوری لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت.
هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاسایشی سنورەکانی هەرێمی کوردستانی بە باش ناو برد و وتی: هیوادارین بە هاوکاریی هاوبەش سنورێکی پارێزراو و سەقامگیرمان هەبێت./.