شوان ڕابەر لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئۆکرانیا و پەیام و لێکەوتەکانی، وتی: مێژووی ئەمریکا و زلهێزەکانی دیکە ئەوەی پیشانداوە کە سیاسەتی بەرژەوەندیخوازیی خۆیان پەیرەو دەکەن، بۆ ئێمەی کوردیش دەبێت ئاسایی بێت کە کاری بە ئێمە تەواو بوو پشتمان لێبکات یان لە گەڵ هێز و وڵاتێکی دیکە لە دژی کورد یەک بگرێتەوە، هەر بۆیە دەبێت کورد وانە لەم گۆڕانکارییانە وەربگرێت.
ناوبراو وتی: دەبێت کورد ئەوە لە بەرچاو بگرێت کە هەندێک جار زیان لەو پەیوەندییانە دەبینێت و هەندێک لە وڵاتانی پێ نیگەران دەبن و دەبێت باجی ئەو پەیوەندییانەش بدات.
ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان وتی: باشترە کە کورد هەمیشە پشت بە دۆستە ڕاستگۆکانی ببەستێت، ئەوانەی وەک دۆز، وەک زوڵملێکراوی، وەک ماف و شایستە لێی دەڕوانن و بێبەرامبەر هاوکاریی دەکەن.
شوان ڕابەر وتی: لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە کورد لە ناوخۆدا یەکگرتوو بێت نەک ئەوەی کە دۆزی کورد بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندی لایەنەکانی دیکە، ئێستاش کە شەڕێکی گەورە لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا هەیە و ئەگەری ئەوەش هەیە کە ناوچەکەی ئێمەش بگرێتەوە، کورد دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە بکات و نەبێتە بەشێک لە ململانێکان.
وتیشی کە ئەمریکا بە کشانەوەی لە عێراق و پشتکردن لە دۆستەکانی تا دێت ڕۆڵی لاوازتر دەبێت و نابێت کورد تەنیا پشت بە واشنتن ببەستێت.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد