بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی مەملوک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی سوریا لە سەردانێکدا بۆ تاران، ئەمڕۆ یەک شەممە، لە گەڵ عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆبووە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهانی تاوتوێ کرد.
لەو کۆبوونەوەدا شەمخانی بە ڕوونکردنەوەی ڕۆڵی تێکدەرانەی ئەمریکا لە خوڵقاندنی قەیرانەکانی ناوچەکە و جیهان کە بە ئامانجی زاڵبوون بە سەر وڵاتانی جیهان و تاڵانکردنی سەرچاوەکانی ئەوان دەکرێت، وتی: بوونی ئەمریکا لە سوریا کە بەم ئامانجەیە، گەورەترین بەربەستی بەردەم مسۆگەربوونی ئاشتی و سەقامگیرییە لەم وڵاتە.
ناوبراو بە ئاماژە بە زیاتربوونی جموجوڵەکانی ئەمریکا بۆ پڕچەککردن، مەشق و ڕاهێنان و بەکارهێنانی گرووپە تیرۆریستییەکان لە سوریا، وتی: بەردەوامی ئەم ڕەوتە نەک تەنیا تێکدەری ئاسایشی سوریایە، بەڵکوو هەڕەشەیە لە سەر ئاسایشی ناوچەکە بە گشتی.
شەمخانی وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران وەک چۆن کە لە دژوارترین قۆناغەکان لە گەڵ حکومەت و خەڵکی سوریا بووە، بەردەوام لە گەڵ ئەوان دەمێنێتەوە.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سوریاش لەو کۆبوونەوەدا ستایشی ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان و پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا و جەختی لە سەر هاوکارییەکانی تاران – دیمەشق کردەوە کە تێکەڵ بە خوێنی شەهیدانی هەر دوو وڵات بووە.
عەلی مەملوک وتی: سوریا بە تێکۆشان و هەوڵی هاوبەشی گەل و حکومەت و پاڵپشتی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان، سەرکەوتنی بە سەر گرووپە تیرۆریستییەکان و لایەنگرانی ئەوان بە دەست هێناوە و قەیرانی ئەمنیی تێپەڕ کردووە./.