بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند: بە هۆی ئەوەی کە ئۆکرانیا لە دۆخی شەڕدایە، یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات بۆ ڕێگری لە زیان گەیشتن بە بازاڕی ناوخۆیی، وڵاتانی دیکە بکاتە جێگرەوە ئۆکرانیا بۆ هاوردەی کاڵا و شمەک.
ناوبراو ڕایگەیاند کە هەندێک کاڵای وەک زەیت، بسکیت، ئاوی میوە، گەنم، ئاژەڵ، مادەی پاککەرەوە و …. لە ئۆکرانیاوە هاوردەی هەرێم دەکرێت و وتی: بازرگانان دەتوانن لەم بازاڕە بێنە دەرەوە و بۆ قەرەبووی ئەوەش وڵاتانی ڕۆمانیا، بۆلگاریا، تاجیکستان و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا وەک جێگرەوەیەک بەکار بێنن.
سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان وتی: ئێمە دڵنیایی بە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەدەین کە لە نەبوونی بازاڕی ئۆکرانیا دەرفەتی ئەوە نادەین هیچ بۆشایی و کەمبوونێکی کاڵا هاوردەکراوەکان هەبێت و ڕوو دەکەینەوە بازاڕەکانی جێگرەوەی ئەم وڵاتەش.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان وتی کە ڕێژەی هەڵئاوسان لە بازاڕدا لە سەدا 15 تا 25 ڕاگەێندراوە و هۆکارەکەشی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا نییە بەڵکوو بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، گواستنەوە و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە هەندێک وڵاتی وەک چین دەگەڕێتەوە./.