هادی عەلی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە دۆخی ئۆکرانیا و خیانەتی دووبارەی ئەمریکا لە هاوپەیمانەکانی، وتی: بە هۆی ئەو بارودۆخەی کە لە ئۆکرانیا ڕووی داوە، پێویست دەکات کورد و هەموو ئەو گەلانەی دیکەش کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان و بە تەمای هاوکاری و پشتیوانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپین، پێداچوونەوەیەک بە سیاسەتی خۆیاندا بکەن، بۆ ئەوەی کە ئەوەندە متمانەیان بەو وڵاتانە نەبێت و پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن.
ناوبراو وتی: دەبینین وڵاتێکی وەک ئۆکرانیا تووشی شەڕ و ماڵوێرانی بووە و ئەمریکا پاڵپشتییەکی ئەوتۆی لێنەکردووە، بەدەر لە کەمێک پاڵپشتی میدیایی و باسکردن لە سزادانی ئابوری و بازرگانیی ڕووسیا. لە کاتێکدا کە دۆخی ئۆکرانیا دەرەنجامی لایەنگریی بۆ ئەمریکا و ناتۆ بووە بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون پاڵپشتی لەم وڵاتە بکەن، هەر بۆیە ئێمەش وەک کورد دەبێت پێداچوونەوەیەک بە سیاسەتی خۆماندا بکەین و دەبێت پشت بە خۆمان ببەستین.
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە ئاماژە بە سیاسەتی بەرژەوەندیخوازیی ئەمریکا وتی: بنەمای سیاسەتی ئەمریکا لە سەر مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیە، هەر کات بەرژەوەندییەکانی بخوازێت پەنا بۆ هەر هەنگاوێک دەبات، هەندێک جاریش لە پێناو ئەو بەرژەوەندییانە چاوپۆشی لەو ئەخلاق و بیر و بڕوایە دەکات کە بانگەشەی بۆ دەکات، وەک مافی مرۆڤ، دیمۆکراسی و پرسی سەربەخۆیی وڵاتان.
هادی عەلی لە کۆتاییدا وتی: ئەمریکا لە پاش شکستەکانی لە عێراق، سوریا و ئەفغانستان، چەشنێک پاشەکشەی پێوە دەبینرێت و ئەو زلهێزی و تاک جەمسەرییەی جاران کە باسی دەکرد نەماوە و شەڕی ئێستای ئۆکرانیا سەرەتایەک دەبێت بۆ هاتنەدیی سیستەمێکی نوێی جهانی بە شێوازی فرەجەمسەری و ڕەتکردنەوەی تاک جەمسەری.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد