بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فیلیپۆ گراندی کۆمیسێری باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی هەینی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو و لە کاتی دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکانی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا، زیاتر لە 50 هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەم وڵاتە ناوچەکانی خۆیان بە جێهێشتووە و ئاوارە بوون.
ناوبراو ڕایگەیاند کە زۆربەی ئەو کەسانە چوونەتە وڵاتانی مولداڤیا و پۆڵەندا و بەشێکی دیکەشیان بەرەو سنورەکانی ڕۆمانیا، هەنگاریا و سلۆڤاکیا هەڵهاتوون.
بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە بوو کە ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە وەڵامی داواکاری سەربازیی سەرکردە جوداییخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا فەرمانی دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سەربازیی تایبەتی لە ناوچەی دۆنباس دەرکرد. پاش ئەوەش فڕۆکە شەڕکەرەکان، تۆپخانەکان و سیستەمە مووشەکییەکانی سوپای ڕووسیا هێرشێکی بەربڵاویان بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئۆکرانیا لە ڕۆژهەڵات تا ڕۆژئاوا و لە باکورەوە تا باشوری ئەم وڵاتە دەستپێکرد./.