بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فرود عەسکەری وتی کە بازرگانیی دەرەکی ئێران لە 11 مانگەی ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی گەیشتووەتە 90 ملیار دۆلار کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 38 گەشەی کردووە.
ناوبراو وتی: کێشی کاڵا ئاڵوگۆڕکراوەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی بەرامبەر لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوو 149 ملیۆن و 400 هەزار تەن بووە کە لەم ڕووەوە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 12 بەرز بووەتەوە.
عەسکەری وتی: لەم ڕێژەیە 112 ملیۆن و 658 هەزار تەن بە بەهای 43 ملیار و 517 ملیۆن دۆلار پشکی کاڵای هەناردەکراو بووە کە لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 10 و لە ڕووی بەهاشەوە لە سەدا 40 گەشەی کردووە.
جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی گومرکی ئێران سەبارەت بە ئاماری هاوردەش لە ماوەی 11 مانگی ڕابردووی ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی، وتی: لەم ماوەیەدا 36 ملیۆن و 777 هەزار تەن کاڵا بە بەهای 46 ملیار و 577 ملیۆن دۆلار لە وڵاتانی دەرەکییەوە هاوردەی ئێران کراوە کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 19 و لە ڕووی بەهاوە لە سەدا 36 بەرز بووەتەوە./.