بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ولودیمر زلنسکی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا ئەمڕۆ هەینی ڕەخنەی لە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا گرت و وتی کە ئەوان لە بەرامبەر هێرشەکانی ڕووسیا پشتیان لە ئێمە کردووە.
ناوبراو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند کە ئۆکرانیا بۆ پاراستنی خۆی بە تەنیا ماوەتەوە، وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تەنیا قسە دەکەن.
زلنسکی ڕایگەیاند کە خۆی ئامانجی ژمارە یەکی ڕووسیایە و لە پلەی دواتریش ئەندامانی خێزانەکەی بوونەتە ئامانجێکی دیکەی هێزەکانی ئەو وڵاتە.
ئاژانسی سپۆتنیک ڕایگەیاندووە کە سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا فەرمانی بەرگری گشتیی لە وڵاتەکەی دەرکردووە و بە پێی ئەو فەرمانەش دەبێت خەڵک بینا و ماڵەکان، ئۆتۆمبێل، زەوی، کەرەستە و ئەوەی پێویست بێت ڕادەستی حکومەت و سوپای بکەن.
سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا هەروەها داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاواش کرد سزای زیاتر و قورستر بە سەر ڕووسیادا بسەپێنن.
ڕاشیگەیاند کە بە هۆی هێرشەکانی ڕووسیاوە تا ئێستا 137 کەس کوژراون و 306 ی دیکەش بریندار بوون./.