بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕۆژی پێنج شەممە لە گەڵ باڵیۆزانی ئێران، ڕووسیا و سوریا لە ناوەندی چوارقۆڵیی ئاڵوگۆڕی زانیاری دژە تیرۆر لە بەغدا کۆبووە.
بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوە دۆخی ئەمنی سنورەکانی سوریا و عێراق و هەروەها دوایین گۆڕانکارییە ئەمنییەکانیان تاوتوێ کرد.
ئەعرەجی وێڕای دەستخۆشی لە وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان، وتی: هاوکاری و هەنگاوی هاوبەش لە گەڵ ئەم وڵاتانە گورزێکی کوشندە لە داعش و سەرکردەکانی بووە.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند کە نیگەرانی ئەوە هەیە پیلانێک بۆ گەڕانەوەی تیرۆریستان و بەهێزکردنیان لە ناوچەکە هەبێت کە ناسەقامگیریی بە دواوە بێت.
قاسم ئەعرەجی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی گرتووخانەی حەسەکەی بە نموونەیەک هێنایەوە و وتی کە عێراق بە چاوی ڕێزەوە لەو وڵاتانە دەڕوانێت کە لە ڕۆژە دژوارەکاندا یارمەتیدەری بوون.
ناوەندی چوارقۆڵیی ئاڵوگۆڕی زانیاریی دژە تیرۆر ساڵی 2016 بە بەشداری وڵاتانی ئێران، ڕووسیا، سوریا و عێراق لە بەغدا دامەزراوە و تا ئێستا چەندین کۆبوونەوەی بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی زیاتری تیرۆریستان هەبووە./.