بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی گومرکی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی سێ شەممە 22 ی شوباتی 2022 لە سەر داواکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کردنەوەی خاڵی سنوریی تیلەکۆ، کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی گومرکی کرماشان و قایمقامی قەزای سەرپێڵی زەهاو لەو خاڵە سنورییە بەڕێوەچوو.
ئەو بەرپرسە ڕایگەیاند کە لەو کۆبوونەوەدا بڕیار دراوە کە لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا ئەنجامی کۆبوونەوەکە بۆ کردنەوەی خاڵی سنوریی تیلەکۆ ڕابگەێندرێت و بازرگانان پێداویستییە سەرەتاییە گومرکییەکانی خاڵی سنوریی تیلەکۆ لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە دابین بکەن.
ڕاشیگەیاند کە لایەنی ئێرانیش دەبێت موڵەتی فەرمیی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەم وڵاتە ڕادەستی کۆنسووڵخانەی ئێران لە هەولێر بکات تا لەو ڕێگایەوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدرێت.
بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی گومرکی کرماشان هەروەها ڕایگەیاند کە داوا کراوە لە بەڵێندەرە ئێرانییەکان بۆ کردنەوەی بینا و ناوەندە پێویستەکانی ئەو خاڵە سنورییە بە پێی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەڵک وەربگیرێت./.