بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا لە گەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا بە ئاماژە بەوەی کە پەرەسەندنی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات، وتی کە پەرەسەندنی ناتۆ هەڕەشەیەکی جیدییە لە سەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی سەربەخۆ لە ناوچە جیاجیاکان.
ڕەئیسی هیوای ئەوەی خواست کە ئەوەی ڕوو دەدات لە بەرژەوەندی گەلان و ناوچەکە تەواو بێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە دانوستانەکانی ڤیەنناش وتی کە تاران هەوڵی ڕێکەوتنێکی بەردەوام دەدات و دەستەبەرێکی ڕاستەقینە و متمانەپێکراو، هەڵگرتنی گەمارۆکان و داخستنی دۆسیە سیاسییەکان لە پێناو گەیشتن بەو ڕێکەوتنە بە پێویست دادەنرێت.
سەرۆک کۆماری ڕووسیاش لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا، دۆخی ئێستای وەک وڵامێکی یاسایی لە بەرامبەر چەندین دەیە پێشێلکردنی ڕێکەوتنە ئەمنییەکان و هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی ناو برد.
پوتین هەروەها بە ئاماژە بە هاوکارییەکانی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی، جەختی لە سەر بەردەوامیی هاوکارییەکانی پەیوەندیدار بە دانوستانەکانی ناوەکییەوە کردەوە./.