بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ولودیمر زلنسکی وتی کە ئۆکرانیا لە باکورەوە تا باشور بۆردومان دەکرێت، سوپای ئێمە بەهێزە و دەبێت پاڵپشتی بکرێت، ئێمە بە هۆی بۆردومانەکانی ڕووسیاوە زیانێکی زۆرمان پێگەیشتووە.
ناوبراو وتی: هەر ئۆکرانییەک دەبێت چەک هەڵبگرێت و پەیوەندی بە ناوەندێکی ڕاهێنان و فێرکاریی سەربازییەوە بکات تا بتوانێت بەرگری لە وڵاتەکەی بکات.
سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا پچڕانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و ڕووسیای ڕاگەیاند و وتی: ئێمە پەیوەندییەکانمان لە گەڵ ڕووسیا بە تەواوی پچڕاندووە و وەڵامی دەسدرێژییەکانی دەدەینەوە، وڵاتی ئێمە لە سەرجەم بەرەکاندا کەوتووەتە بەر هێرشەکانی ڕووسیا.
زلنسکی داوای لە خەڵکی ڕووسیا کرد لە دژی هێرشەکانی وڵاتەکەیان بۆ سەر ئۆکرانیا خۆپێشاندان بکەن و وتی کە ئەوەی ئەمڕۆ ڕووسیا دەیکات هاوشێوەی کاروباری نازییەکانی سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانییە.
ناوبراو قەدەغەی هەڵگرتنی چەکی لە لایەن خەڵکەوە هەڵوەشاندەوە و هانی چالاکوانانی بازاڕیشیدا کە کاڵا و پێداویستییەکان بۆ خەڵک دابین بکەن و بازاڕەکان دانەخەن./.