ئەحمەد حاجی ڕەشید لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لە سەر دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی درووستە و هەرێم هیچ بژاردەیەکی نییە بەدەر لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، لە بەر ئەوەی کە بە پێی مادەی 94 ی دەستوورە و پێویست دەکات هەرێمی کوردستان لە بری دەرکردنی بەیاننامە شاندێک ڕەوانەی بەغدا بکات و لە گەڵ حکومەتی ناوەند بگاتە ڕێکەوتن.
ناوبراو بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی بە دەرفەتێکی باش بۆ هەرێمی کوردستان ناو برد و وتی: بڕیارەکە دەتوانێت کۆتایی بەو گیر و گرفتانەی نێوان هەولێر و بەغدا بێنێت، لە بەر ئەوەی کە کۆتایی بەو دۆسیە ناشەفافە دێت و ئەندامانی کوردی پەرلەمانی عێراق باشتریش دەتوانن چاودێری دۆسیەی نەوت بکەن.
ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان هەروەها وتی: لە ئەگەری ڕێکەوتنی حکومەتی هەرێم و بەغدا نەوتی هەرێم لانیکەم بە 10 دۆلار زیاتر دەفرۆشرێت، بەدەر لەوەی کە لە سەدا 56 ی داهاتەکەی بۆ کۆمپانیاکان دەڕوات، هەر بۆیە بە بۆچوونی من بڕیارەکە بڕیارێکی درووستە و هەرێم هیچ بژاردەیەکی بەدەر لە جێبەجێکردنی لە بەردەستدا نییە.
ئەحمەد حاجی ڕەشید وتی: دەرکردنی بەیاننامە چارەسەر نییە، لە بەر ئەوەی کە حکومەتی هەرێم ناتوانێت ڕاڤەی دەستوور بکات بەڵکوو ئەوە ئیشی دادگای فیدراڵییە. بەداخەوە کە حکومەتی هەرێم پرسەکانی دیکەشی بەو ئاقارەدا بردووە و وا دەزانێت کە دادگای فیدراڵی دادگاکانی کوردستانە کە بە سیاسی بکرێن، باشترین چارەسەر ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم واز لە دەرکردنی بەیاننامەکان بێنێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق لێدانە لە بنەماڵە و مافیا سیاسییەکان و لێدانە لەوانەی کە داهاتی نەوت بە ناشەفافانە دەبەن و دوا جار دەیکەنە هۆکارێک بۆ چەوساندنەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت لێدانە لەو هەموو قۆرخکاری و گەندەڵییە کە هەیە.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد