بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی ڕەزا قورەیشی نوێنەری نووسینگەی بەرنامەی خۆراکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، وتی: خەمڵاندنەکانی ئەم ڕێکخراوە پیشان دەدات کە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ نزیکەی 2 ملیۆن عێراق تووشی کێشەی بەدخۆراکی بوون و لە سەدا 7 ی ئەوان خۆیان لە گەڵ ئەم هەلومەرجەدا ڕاهێناوە.
ناوبراو وتی کە دابەزینی بەهای دینار نرخی کاڵا و شمەک بە تایبەت پێداویستییە سەرەکییەکانی بەرز کردووەتەوە و ئەمەش هێزی کڕینی لە خەڵکی عێراق گرتووە، وێڕای ئەوەی کە وشکەساڵی بووەتە هۆی دابەزینی ڕێژەی وەبەرهێنانی بەرهەمە کشتووکاڵییەکان لە هەندێک ناوچە کە پێویستیان بە ئاو هەیە.
ڕاشیگەیاندووە کە قەیرانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بووە هۆی ئەوەی کە ڕێژەی هەژاری لە عێراق بۆ لە سەدا 31.7 بەرز ببێتەوە.
ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها وتی کە ئەم ڕێکخراوە بە هاوکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئامارێکی نوێ سەبارەت بە برسێتی و هەژاری لە عێراق بڵاو دەکەنەوە./.