بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد سادق موعتەمدیان لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە پێشنیاری گەیاندنی گاز بە هەرێمی کوردستان یەکێک لە دەسکەوتەکانی ئەم سەردانە بووە کە وردەکارییەکەی دراوەتە لایەنی بەرامبەر.
ناوبراو وتی کە ژێرخانی پێویست بۆ گەیاندنی گاز لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە بۆ هەرێمی کوردستان هەیە و ئێمە دەتوانین بە کەڵک وەرگرتن لە توانای ئەندازیاریی ناوخۆیی ئێران ئەم ئامانجە مسۆگەر بکەین.
پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا وتی: لە ئێستادا گاز تا خاڵی سنوریی حاجی ئۆمەران لە دیوی ئێرانەوە هاتووە و ئێمە دەتوانین ئەم پرۆژە گەورەیە لە پێناو خزمەت گەیاندن بە خەڵکی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەین.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێریش لە کاردانەوەی بەرامبەر بەم پێشنیارە وتی کە تاوتوێ دەکرێت و ئەگەر بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێم دابین بکات ڕەزامەندیی لە سەر دەدرێت./.