بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ئێران نموونەی مزگەوتە مێژووییەکان بە تایبەتمەندییەکانی بیناسازییەوە زۆرە و مێژووی هەندێک لەوان بۆ سەرەتاکانی ئیسلام دەگەڕێتەوە. مزگەوتەکان پیشان دەدەن کە هەر لە سەرەتای ئیسلامەوە گرنگی بە کاروباری کۆمەڵایەتی دراوە.
ئەگەر سەردانی پارێزگای یەزد لە ئێران بکەن، لە ناحیەی ناوەندی گوندێک بە ناوی فەهرەج هەیە کە مزگەوتێکی زۆر کۆنی تێدایە و بە مزگەوتی گشتیی فەهرەج یان مزگەوتە کۆنەکە ناوی دەرکردووە. دەوترێت کە ئەم مزگەوتە یەکێک لە کۆنترین مزگەوتەکانی ئێرانە، هەندێکیش دەڵێن کە خۆی کۆنترین مزگەوتی ئێرانە کە لە سەرەتای ئیسلامەوە تا ئێستا ماوەتەوە.
مزگەوتی گشتیی فەهرەج یان مزگەوتی ئیمام حەسەن (ع) لە نیوەی یەکەمی سەدەی یەکەمی کۆچی بونیاد نراوە. ئاسەوارناسان و مێژووناسان و توێژەرانی کاروباری مێژوویی دەڵێن کە بیناکە لەو کاتەوە درووست کراوە تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی بە خۆوە نەبینیوە. هێشتا لەم مزگەوتەدا ئەرکە ئائینییەکان بە جێ دێت و خەڵک بە کۆمەڵ سەردانی دەکەن.
تاوتوێکردنی بەڵگەکان و هەروەها شێوازی بیناسازیی ئەم مزگەوتە پیشان دەدات کە لە سەردەمی ساسانی درووست کراوە. ساڵی 1349 ی کۆچی هەتاوی فەهرەج وەک ئاسەوارێکی نیشتمانی لە سەر ئاستی ئێران تۆمار کرا.
بینای مزگەوتەکە لە خشت و گڵە و ساکارییەکی تەواو لەم بینایەدا دەبینرێت. لە درووستکردنی بینای ئەم مزگەوتە کەڵک لە شێوازی درووستکردنی مزگەوتی پێغەمبەری گەورەی ئیسلام (د.خ) لە شاری مەدینە وەرگیراوە. میحرابی ئەم مزگەوتە یەکێک لە بەشە سرنجڕاکێشەکانیەتی.
گوندی مێژوویی فەهرەج لە 36 کیلۆمەتری باکوری ڕۆژهەڵاتی یەزدە و کەوتووەتە سەر ڕێگای یەزد بۆ کرمان. ئەم ناوچەیە کەوتووەتە نێو بیابانەکانی ئێران. خەڵکی خۆجێی دەڵێن کە فەهرەج سەرەتا ناوی پەهرەشت بووە، بە واتای شوێنی خۆحەشاردان و دواتر ناوی فەهرەج بەکار هاتووە. لە سەردەمی سەرەتای ئیسلام، عەرەبە موسڵمانەکان کە لە شوێن دوایین پاشای ساسانی واتە یەزدگرددا بوون، لە ڕێگای گەیشتن بە خۆراسان لە بیابانەکانی تەبەسدا ون دەبن و لە ڕێگاکەیان دەگەنە فەهرەج و لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە هێرشیان دەکرێتە سەر و ژمارەیەک لەوان دەکوژرێن، کوژراوەکان لە هەمان شوێندا دەنێژرێن و دواتر بە موسڵمانبوونی خەڵکی ناوچەکە، شوێنی ناشتنی تەرمی ئەو عەرەبە موسڵمانانە وەک مەزارگەی لێهات و بە کۆمەڵەی شەهیدانی فەهرەج ناوبانگی دەرکرد.
ئەگەر ویستی سەردانی ئەم شوێنەتان هەیە، دەبێت بزانن کە بە هۆی کەشوهەوای بیابانی و گەرمەوە باشترە لە وەرزی بەهار و مانگەکانی یەک و دووی سەردانی بکەن./.