بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە ناوچەی چابەهاری ئێران بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە زۆر کەمە و پلەکانی گەرما لە هەر چوار وەرزەکەی ساڵ هێندە گۆڕینی بە سەردا نایەت.
بوونی کەناراوە جوانەکان، مزگەوتە جوانەکانی ناوچەکە، بیناسازی تایبەت بە ناوچەکە و ژیانی خەڵکی بەلوچ و چەندین ئاسەواری دیکەی مێژوویی وای لە چابەهار کردووە کە هەموو کات گەشتیار بەوپەڕی حەز و خواستەوە سەردانی بکات.
لە چابەهار هەست بە بوونی وەرزەکانی پاییز و زستان ناکرێت و سەوزیی دار و درەختەکان وەک خۆی دەمێنێتەوە، لەم ناوچەیەدا هەر چوار وەرزەکە وەک بەهار پێناسە کراون و وەک ئاماژە درا بە چوار بەهار ناسراوە. ناوی چوار بەهار وردە وردە بۆ چابەهار گۆڕاوە. چابەهار باشوریترین شاری پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێرانە کە کەوتووەتە 761 کیلۆمەتریی زاهیدانی ناوەندی ئەم پارێزگایە.
ئەم شارە لە کۆندا ناوی بەندەری تیس بووە و وەک یەکێک لە ناوەندە بازرگانییەکانی کەناراوەکانی دەریای عۆمان ناوی هەبووە. کەلاوە کۆنەکانی بەندەری تیس هێشتا لە 9 کیلۆمەتریی چابەهاری ئەمڕۆ ماوەتەوە. ئابوریی چابەهار بەندە بە کشتووکاڵ، ڕاوەماسی، ئاژەڵداری و پیشەسازی دەستییەوە.
ئەم ناوچەیە لە ئێستادا بە هۆی هەڵکەوتنی لە ناوچەکانی باشوری ئێران و دۆخی تایبەتی ناوچەکە، بووەتە گرنگترین شوێنی چالاکییە ئابوری و بازرگانییەکان. پرتەقاڵ، مۆز، ئەنبە، خورما، پیشەسازی دەستی، ماسی و کاڵای دەرەکی بە هەناردەی ئەم ناوچەیە هەژمار دەکرێت.
چابەهار گرنگترین بەندەری بازرگانیی کەناراوی بەلوچستانە. ئیمام زادە غوڵام ڕەسوڵی، مەزاری شێخ شمیل، گوندی تیس لە گەڵ کەناراوە جوانەکانی چابەهار بە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی دادەنرێت./.