بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێران و قەتەر لە بەشی باشوری کەنداوی فارس و لە ڕێگای دەریاوە بە درێژایی 268 کیلۆمەتر پێکەوە دەبەسترێنەوە. قەتەر وەک زۆربەی دراوسێکانی ئێران کۆمەڵە خاڵێکی هاوبەشی مێژوویی و کەلتوریی لە گەڵ ئەم وڵاتە هەیە بەڵام ئاستی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە بە تایبەت لە ساڵانی ڕابردوو هێندە بەرچاو نەبووە.
لە ئێستادا ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و قەتەر لە نێوان 300 تا 400 ملیۆن دۆلارە بەڵام دەکرێت ئەو ڕێژەیە تا ساڵی داهاتوو بۆ یەک ملیار دۆلار بەرز ببێتەوە.
دەرفەتێک بۆ وەبەرهێنانی هاوبەش
وڵاتی قەتەر بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ناوچەی کەنداوی فارس سەرچاوەیەکی دارایی زۆری هەیە و سیاسەتێکی چەند ساڵی ڕابردووی ئەم وڵاتەش وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری دەرەکییە بە تایبەت لە وڵاتانی دۆست.
ئەم وڵاتە عەرەبییە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی لە ئاسۆی دیاریکراوی 2030، ڕێگای بە ڕووی سەرمایەگوزاران و وەبەرهێنان لە پیشەسازییە جیاجیاکاندا کردووەتەوە و چوارچێوەیەکی گونجاوی بۆ پاڵپشتی لەوان دابین کردووە.
دەرفەتی مۆندیال بۆ زیاترکردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان
بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیالی 2022 بە دەرفەتێکی لەبار بۆ ئێران دادەنرێت تا هەندێک لە پێداویستییەکانی قەتەر دابین بکات و هەروەها لە ڕووی گەشتیاریشەوە هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات زیاتر ببێت.
توانای وڵاتی قەتەر بە تایبەت لە ڕووی هێزی مرۆییەوە سنوردارە و بە هۆی کێشەکانیەوە لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی، لە ڕێگای وڵاتانی دیکەوە هەوڵی دابینکردنی مادە خۆراکییەکان دەدات کە ئەمەش دەرفەتێکی لەبارە بۆ ئێران تا پێداویستییەکانی ئەم وڵاتە دابین بکات و هەروەها بەستێنی هاوکاری هاوبەش و وەبەرهێنانی هاوبەش بخوڵقێنێت.
بەندەرەکانی باشوری ئێران دەرفەتێکی لەباری هەناردەیە بۆ قەتەر
هەروەها بەندەرەکانی باشوری ئێران لە ڕووی مەداوە بە یەکێک لە نزیکترین و کەم تێچووترین ڕێگاکانی گەیاندنی مادە خۆراکییەکان و میوە و سەوزەیە بۆ قەتەر، ئێران ئەوەی سەلماندووە کە لەم بوارەدا یەکێک لە متمانەپێکراوترین دراوسێکان بۆ قەتەر بووە.
لە لایەکی دیکەوە، هێزی ئابوری و دەوڵەمەندیی قەتەر بە خاڵێکی گرنگ دادەنرێت کە دەتوانێت لە پرۆسەیەکی بازرگانیدا، دەرفەتی سەرمایەگوزاریی عەرەبی لە شارەکانی ئێراندا دابین بکات.
هەناردەی کەرەستەی بیناسازی و خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری
لە ڕووی بیناسازی و دابینکردنی پێداویستییەکانەوە ئێران دەتوانێت ڕۆڵی لە پرۆژەکانی قەتەردا هەبێت، لەم بوارەدا دەتوانرێت بە بەرزکردنەوەی کوالیتی کاڵا و بەرهەمەکانی ئێران و کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی هەندێک لە کۆمپانیاکانی چالاک لە هەناردەی خزمەتگوزارییە تەکنیکی و ئەندازیارییەکان، هەلی کار بۆ پسپۆڕان و کرێکارانی ئێرانی دابین بکرێت و هەروەها سوودێکی ئابوری گەورەشی بۆ ئەم وڵاتە هەبێت.
کەڵک وەرگرتن لە وەها دەرفەتێک دەتوانێت یارمەتیدەری چالاکوانانی ئابوریی ئێران بێت تا لە هەلومەرجی گەمارۆکاندا دەستیان بە بازاڕە جیهانییەکان بگات.
گواستنەوەی ئاسمانیی مادە خۆراکییەکان و پێداویستییەکان بۆ قەتەر
وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئێران لەم بوارەدا ڕێکارنامەیەکی ئامادە کردووە و هەوڵ دەدرێت لە ڕێگای ئاسمانیشەوە کاڵا و پێداویستی خۆراکی هەناردەی قەتەر بکرێت و هەروەها لە ڕێگای قەتەرەوە کاڵای ئێرانی ڕەوانەی وڵاتانی دیکە بکرێت./.