بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە قەتەر.
ئەمە یەکەم سەردانی ڕەئیسی بۆ وڵاتێکی عەرەبییە و بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی هەناردەکاری گاز دەکات. ئێران و قەتەر خاوەنی دووم و سێهەمین یەدەکی گازی جیهانن.
سەید ئیبراهیم ڕەئیسی پێش سەردانەکەی بۆ قەتەر ڕایگەیاند کە لە سەر بانگهێشتی شێخ تەمیم بن حەمەد میری قەتەر و بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵاتی دۆست و برادەر و هەروەها بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی هەناردەکاری گاز سەردانی دەوحە دەکات.
کۆماری ئیسلامی ئێران دامەزرێنەری سەرەکی وڵاتانی هەناردەکاری گازە کە بە کۆمەڵەی GECF ناسراوە. حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ساڵی 1385 ی کۆچی هەتاوی بە ئاماژە بەوەی کە نیوەی یەدەکی گازی جیهان لای ئێران و ڕووسیایە، بەرامبەر بە سکرتێری ئەو کاتەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ڕووسیا فەرموویان کە تاران و مۆسکۆ دەبێت ڕێکخراوێکی گازی هاوشێوەی ڕێکخراوی ئۆپێک پێک بێنن.
بە پێی ئامارەکانی پێگەی Statista، وڵاتانی ڕووسیا، کۆماری ئیسلامی ئێران، قەتەر، تورکمانستان، ئەمریکا، ڤەنزولیا، سعوودیە، ئیمارات، نایجڕیا و جەزایر گەورەترین یەدەکی گازی جیهانیان هەیە.
لە ئاکامدا پەیرەوی ناوخۆی کۆمەڵەی وڵاتانی هەناردەکاری گاز لە ساڵی 2008 پەسەند کرا. یازدە وڵاتی ئێران، ڕووسیا، قەتەر، میسر، جەزایر، بۆلیوی، گینە، نایجڕیا، تینیداد، توباگۆ و ڤەنزولیا ئەندامانی سەرەکی ئەم کۆمەڵەیەن.
حەوت وڵاتی نەرویج، مالیزیا، عێراق، پێرو، ئەنگۆلا، ئازەربایجان و ئیمارات بە ئەندامانی چاودێری ئەم کۆمەڵەیە دادەنرێن.
بە پێی ئامارە فەرمییەکان، وڵاتانی ئەندام لەم کۆمەڵەیە لە سەدا 70 ی یەدەکی گازی سەلمێندراوی جیهانیان هەیە، هەروەها خاوەنی لە سەدا 44 ی وەبەرهێنانی گاز و لە سەدا 51 ی هەناردەی گازی سرووشتین لە سەر ئاستی جیهان. ئەم کۆمەڵەیە تا ئێستا 5 کۆبوونەوەی کردووە، دەوحە لە ساڵی 2011، مۆسکۆ لە ساڵی 2013، تاران لە ساڵی 2015، سانتا کرۆز لە ساڵی 2017 و مالابۆ لە ساڵی 2019. قەتەر بۆ دووەم جارە کە میوانداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی هەناردەکاری گاز دەکات.
کۆماری ئیسلامی ئێران باشترین پەیوەندیی لە گەڵ وڵاتی قەتەردا هەیە. ساڵی 2018 چوار وڵاتی سعوودیە، ئیمارات، بەحرەین و میسر پەیوەندییەکانیان لە گەڵ قەتەر پچڕاند و بەمەش گەمارۆیەکی تەواو لە لایەن سێ وڵاتی دراوسێوە بە سەر قەتەردا جێبەجێ کرا و 13 مەرجیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ قەتەر دیاری کرد کە یەکەم خاڵی پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبوو.
بەڵام میری قەتەر ئەو مەرجانەی جێبەجێ نەکرد و پەیوەندییەکانی وڵاتەکەیی لە گەڵ ئێران بەهێزتر کرد. هەناردەی ئێران بۆ قەتەر لە 60 ملیۆن دۆلاری پێش گەمارۆکانەوە گەیشتە 300 ملیۆن دۆلاری پاش گەمارۆکانی ئەو سێ وڵاتە عەرەبییە. ئێران هەرێمی ئاسمانیی خۆیی دایە فڕۆکەکانی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی قەتەر و بەمەش نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار داهاتی بۆ تاران هەبوو.
گەمارۆکانی قەتەر بووە هۆی ئەوەی کە دەوحە لە تاران نزیک ببێتەوە و سەرکردەکانی ئەم میرنشینەی بەو ئەنجامە گەیاند کە دراوسێکانی عەرەبی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس هەڕەشەیەکی ئەمنین لە سەر قەتەر نەک ئێران. ئەم وڵاتە تەنانەت لە سەردەمی هەشت ساڵ شەڕی سەدام لە دژی ئێران پەیوەندییەکانی لە گەڵ تاران پاراست، لە ئاکامدا لە ساڵی 2021 بە بێ مسۆگەربوونی هیچ یەک لەو 13 مەرجە، گەمارۆکانی قەتەر لە لایەن وڵاتانی عەرەبی دراوسێوە هەڵگیرا.
قەتەر بە چوارەم وێستگەی سەردانەکانی دەرەوەی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی دادەنرێت. تاجیکستان، تورکمانستان و ڕووسیا ئەو سێ وڵاتە بوون کە پێشتر سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی ئەوانی کردبوو. تیمی سیاسەتی دەرەوەی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە کە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بە یەکەمایەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە ئێستادا دادەنرێت./.