بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە سەردانەکەیدا بۆ قەتەر و لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی میری ئەو وڵاتە، وێڕای دەستخۆشی لە شێخ تەمیم بە بۆنەی بانگهێشتکردنی بۆ ئەم سەردانە و بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی هەناردەکاری گازی جیهان، وتی: بە دوو ئامانج سەردانی قەتەرم کردووە، یەکەم، گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و قەتەر و ئەوی دیکەش بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی هەناردەکاری گاز.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوەکەی لە گەڵ میری قەتەر بە ئەرێنی ناو برد و وتی: لەم کۆبوونەوەدا ڕێکەوتووین هەر دوو وڵات کەڵک لە توانا و دەفرایەتییەکان لە پێناو پەرەپێدانی هاوکارییەکان و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا وەربگرن.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: بە پێی نزیکی جوگرافی و بەرژەوەندی هاوبەشی ئێران و قەتەر، بریاری ئەوەماندا کە هەنگاوی نوێ و جیدی بۆ پەرەپێدان و جۆربەجۆرکردنی هاوکارییەکان هەڵبگرین.
ناوبراو بە ئاماژە بە تایبەتمەندییەکانی نێوان لە بواری جوگرافی، ژینگە، ترانزێت، ئابوری، زانستی و بە تایبەت هێزی گەنج و خوێندەوار، وتی: ئەم تایبەتمەندییانە بەستێنی بەرفراوانکردنی هاوکارییەکان و گەشەی ئابوری و ئاسایشی ناوچەیی دەستەبەر دەکات.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: تاران هەوڵی گۆڕانکاری و پەرەپێدانی هاوکارییە ناوچەییەکان دەدات و ئەم سەردانەش وەرزێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و قەتەر دەبێت، ئەڵبەت ئەم سەردانە بە هەنگاوێکی ئێمە لە پێناو پتەوکردن و گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانمان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ لە کەنداوی فارس دادەنرێت.
ڕەئیسی وتی: ئێران ئەوەی سەلماندووە کە بەردەوام لە گەڵ بەرژەوەندی وڵاتان و گەلانی سەربەخۆیە و لە قۆناغە دژوارەکاندا دۆستایەتی خۆمان بە سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە سەلماندووە، بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە لەم ڕاستییە تێگەیشتوون و لەم بوارەدا ئەزموونی هاوبەشیان هەیە.
وتیشی کە کۆماری ئیسلامی ئێران براوەی هەر دوو شەڕی دژ بە تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکانی ئەمریکایە و ئێستا ئەمریکا دەبێت ئیرادەی خۆی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ سەرەکییەکان بسەلمێنێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی کە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن لە دانوستان لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران بە تایبەت هەڵگرتنی گەمارۆکان، دەستەبەرکردنی بەڵینەکان و داخستنی دۆسیە سیاسییەکان بە پێویست دادەنرێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها ڕایگەیاند کە دەبێت لە گۆڕانکارییەکانی چەند دەیەی ڕابردووی ناوچەکە سێ وانەی گرنگ وەربگیرێت، ئەوەی کە هەر دەسدرێژییەک ئاکامی شکست دەبێت، خۆڕاگری وەڵامی خۆی داوەتەوە و هیچ یەک لە دۆسیەکانی ناوچەکە چارەسەری سەربازیی نییە.
ناوبراو هەروەها جەختیکردەوە کە قەیرانی یەمەن ڕێگاچارەی سەربازیی نییە و دەبێت گەمارۆکانی سەر گەلی زوڵملێکراوی یەمەن وەک هەنگاوێکی مرۆڤدۆستانە هەڵبگیرێت.
میری قەتەر:
ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران کاریگەریی لە سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە هەیە
هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا میری قەتەر وتی: خۆشحاڵم بەوەی کە چەندین ڕێکەوتن و یادداشتی لێک تێگەیشتن لە نێوان قەتەر و کۆماری ئیسلامی ئێران واژۆ کراوە و ئەمەش بابەتێکی گرنگە و دەبێت بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنیان بکرێت.
شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی وتی: لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئێران سەبارەت بە دانوستانەکانی ڤیەننا و ڕێکەوتنی ناوەکی لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا وتووێژ کراوە لە بەر ئەوەی کە ئەم بابەتە کاریگەریی لە سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە هەیە.
وتیشی کە سەبارەت بە دۆسیەی فەڵەستین وەک دۆسیەی سەرەکی جیهانی ئیسلام وتووێژ کراوە و جەخت لە سەر ڕاگرتنی تاوان و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ مسۆگەربوونی مافەکانی گەلی فەڵەستین کراوەتەوە.
شێخ تەمیم وتی کە سەبارەت بە کێشەکانی ئەفغانستان، سوریا و یەمەن بە هەمان شێوە وتووێژ کراوە و هیوادارین کە لە نزیکترین کاتدا چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ ئەم کێشانەش دابین بکرێت./.