بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جەواد ئەوجی بە ئاماژە بە ڕۆڵی کاریگەری کۆمەڵەی وڵاتانی هەناردەکاری گازی جیهان، وتی: ئەندامانی کۆمەڵەی وڵاتانی هەناردەکاری گاز لە هەلومەرجی دژواری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە باشترین شێواز ڕۆڵی خۆیان لە خستنەڕووی بەردەوامی ئەم وزەیە لە جیهان جێبەجێ کرد.
ناوبراو یەکێک لە گرنگترین وانەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای بە گرنگیدان بە ڕۆڵ و کاریگەریی هاوکارییە دووقۆڵی و چەند قۆڵییەکان ناو برد و وتی: کۆمەڵەی وڵاتانی هەناردەکاری گاز بە گرنگییەوە دابینکردنی گازی وەک سووتەمەنییەکی لە بەردەست و هاوسۆزی ژینگە لە سەر ئاستی جیهان خستووەتە ڕیزی کار و چالاکییەکانیەوە.
وەزیری نەوتی ئێران ئەم وڵاتەی بە خاوەن یەکێک لە زیاترین یەدەکی گازی جیهان ناو برد و وتی: ئێران بە هەبوونی 338 هەزار کیلۆمەتر تۆڕی گەیاندنی گازی ناوخۆیی، بە یەکێک لە وڵاتانی پێشەنگی گاز دادەنرێت.
ئەوجی وتی: جێبەجێکردنی سیاسەتی گەمارۆ تاکلایانەکان دەتوانێت ڕەوتی خستنەڕووی گازی سرووشتی لە جیهان تووشی کێشە بکات و ئاسایشی وزەی جیهانیش ڕوبەڕوی مەترسی بکاتەوە.
ناوبراو جەختیکردەوە کە سیاسەت لە هاوکارییە ناوچەیی و جیهانییەکانی بواری وزەدا نەمێنێت و وتی: سیاسەتی ئەمریکا بۆ سەپاندنی گەمارۆکان نەک تەنیا پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە بەڵکوو ئاسایشی جیهانی وزەش دەخاتە مەترسییەوە.
ڕاشیگەیاند کە سیاسەتی وزارەتی نەوت و کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران، هاوکاری ستراتیژییە لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە و هەروەها کۆمەڵەی وڵاتانی هەناردەکاری گاز و ئێران بە پێی هەڵکەوتەی جوگرافی و ژێرخانەکانیەوە دەتوانێت باشترین بژاردە بۆ گواستنەوەی گاز بۆ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بێت./.