بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەیلا تەهماسوبی ڕایگەیاند کە لە ئەگەری بەکارهێنانی لیمۆی شیرین بە پێستی ناوخۆیی زیاتر لە 77 میلی گرام ڤیتامین C دەگاتە جەستە، لە تایبەتمەندییەکانیشی دەتوانین ئاماژە بە یارمەتیدان لە چارەسەرکردنی هەڵامەت، تەندرووستی ئێسک و دابەزینی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ بدەین.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە لیمۆی شیرین هەڵگری بڕێکی زۆر لە ڤیتامین C یە، وتی: ئەم ڤیتامینە لە زۆربەی کاردانەوەکانی جەستە ڕۆڵی سەرەکیی هەیە و بۆ بەردەوامی ژیانی ئێمە زۆر گرنگە، هەروەها ئەم ڤیتامینە لە لایەن جەستەوە ناتوانێت بڕێکی زیادەی پاشەکەوت بکرێت، هەر بۆیە دەبێت ڕۆژانە بەکار بهێندرێت.
تەهماسوبی وتی: لیمۆی شیرین لە دوورخستنەوەی ژەهری جەستە کاریگەریی هەیە و هەروەها ئەم میوەیە دەتوانێت کاریگەری زیانبەخشی سترێس و پیسییەکان پووچەڵ بکاتەوە، هەروەها سەرچاوەیەکی زۆر باشی ئەنتی ئۆکسیدەکانە کە یارمەتیدەری بەهێزبوونی سیستەمی بەرگری جەستە و هەروەها زیاتربوونی خۆڕاگری لە بەرامبەر هەوکردنەکان دەدات.
ئەم شارەزایەی بواری گیا دەرمانی وتی: ڤیتامین C ی لە لیمۆی شیرین نیشانەکانی توشبوون بە هەڵامەت کەم دەکاتەوە و هەروەها ئاوی پێویست بۆ جەستە بە تایبەت لە وەرزشوانەکاندا دابین دەکات.
ناوبراو ڕایگەیاند کە بە پێی هەندێک توێژینەوە، لیمۆی شیرین ڕێگری لە نەخۆشیی ئێسکە نەرمە و ڕۆماتیزمی جومگەکان دەکات و یارمەتیدەری تەندرووستی ئێسکەکان دەبێت.
وتیشی کە لیمۆی شیرین بە هۆی تایبەتمەندی ئەنتی ئۆکسیدانی و دژە بەکتریایی، چاوەکان لە بەرامبەر هەوکردنەکان دەپارێزێت و ڕێگری لە زیاتربوونی ڕێژەی ئاو مرواری چاو دەکات.
لەیلا تەهماسوبی وتی: خواردنی بەردەوامی لیمۆی شیرین شەکەتی و لاوازیی جەستە ناهێڵێت و وزەی جەستە زیاتر دەکات.
ڕاشیگەیاند کە ئاوی لیمۆی شیرین بۆ دەرمانی نەخۆشی شەکرە بەسوودە و بۆ ئەمەش دەتوانن دوو کەوچکی چاخۆری ئاوی لیمۆی شیرین لە گەڵ یەک کەوچک هەنگوین تێکەڵ و پاشان بیخۆن.
بە وتەی ناوبراو، لیمۆی شیرین یارمەتیدەری چارەسەرکردنی چەندین نەخۆشیی دیکەش دەبێت، وەک کەمکردنەوەی ئێش و ئازار، بەسوودە بۆ ژنانی دووگیان، بەسوودە بۆ نەخۆشیی ڕەبۆ، تایبەتمەندی دژە شێرپەنجەی هەیە، بۆ سیستەمی دەمار باشە، یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات، قژ بەهێز دەکات، ژەهری جەستە دوور دەخاتەوە، یارمەتیدەری چارەسەرکردنی نەخۆشیی گەدە دەبێت./.