جام کوردی – لێرەدا خوێنەری بەشی کۆتایی ڕێبازی ئەدەبیی مەولەوی و نالی و بۆتیقایەکی جیاواز لە نووسینی عادڵ محەمەدپوور دەبن کە بەشەکانی دیکەی لە چەند ژمارەی پێشوو دا بڵاوکرایەوە؛
ئەنجامی لێکۆڵینەوە
نالی و مەولەوی بە دوو کارکردی تاکی و جیاوازەوە، شاعیرانێکی مەزن و خاوەن شێواز
نالی و مەولەوی بە دوو کارکردی تاکی و جیاوازەوە، شاعیرانێکی مەزن و خاوەن شێواز بوون. کاریگەریی نالی لەسەر پڕۆسەی شیعری کلاسیکی کوردی و کارایی و گەشەی غەزەڵ و قەسیدە و بووژاندنەوەی زماندا حاشاهەڵنەگرە و ڕێبازە ئەدەبییەکەی تەبعێکی شەکەربار و کوردیی ئینشا کردنێکی شاز بووە و زایەڵەی ئەم کاروانەش هەر بەردەوامە و مەولەویش هەر هەمان ڕێباز. لەم وتارەدا ئەم ڕەوایەتە ڕوون کراوەتەوە کە گوایێ بە هێزبوونی قوتابخانەی نالی، سالم و کوردی، لەسەر حسێبی لاوازبوون نەمانی دیالێکتی گۆران و قوتابخانەی مەولەوی بوو. (خەزنەدار، ٢٠٠٣: ٦). لەم ڕوانگەدا و بێ هیچ هەڵسەنگاندنێکی ئەدەبی و بێ بەرچاوگرتنی مۆرکە ئەدەبییەکان کە وەک شێوازی گشتی، بێوچان لە دووتۆی دەقی هەموو شاعیرانی ئەم ڕەوتەدا وێنا کراون؛ نالی و سێ کوچکە دەگاتە عەرشی عێززەت و مەولەوی و پاش و مەولەوی دادەکشێتە فەرشی زیللەت. وەک پێشتر ئیشارەمان پێ کرد، شیعری پێش مەولەوی و سەردەمی مەولەوی و هەموو قوتابخانەی شیعری هەورامی کە بە تێکڕا بریتی بوون لە سۆزێکی غنایی گشتگیر و چەپکێک نۆرمی ئەدەبی دووپاتکراو و لە دەقە شیعری شاعیرانی پاش مەولەویش گوزارشت دەکرێن. بۆ نواندنی ئەم لێکچوونە شێوازییە، ئەگەر پارچە شیعرێک هەرکام لەو شاعیرانە بخەینە نێو قاپێکەوە و هونەرسازەکانیان لێک بدەینەوە، دەبینین جگە لە مەزموون و وردە مەزموون، جیاوازییەکی ئەوتۆ هەست پێ ناکرێت. بۆیە لە شێوازناسیدا تا لادانی نۆرم(انحراف از نرم) لە پڕۆسەدا سەر نەگرێت و فێرکانس و زێدهاتی دیکە بە خۆوە نەبینێت، نابێت بە شێوازیی تاکی بۆ شاعیران واتە دەرخەری ئەمەیە کە ئەم ڕەوتە بەم چەپکە خسڵەتانەوە لە ڕەوڕەوەی تەمەنیدا تا هەنووکە بێوەستان درێژەی هەبووە. چوون لە ڕوانگەی شێوازناسییەوە: «شێوازێک گۆڕان و تیاچوون بە خۆیەوە دەگرێت، کە مۆرکە ئەدەبییەکانی دووبارەبوونەوە و سەقامگیریی خۆیان لە دەست دابێت» (شمیسا، ١٣٧٢: ٩٩.)
لە گۆشەنیگایێکی دیکەوە، ئەگەر ئەم ترۆپکە ئەدەبییانە بە ڕاست بزانین کە قوتابخانەی شیعری گۆران تەنگی پێهەڵچنراوە، داتەپێوە و پووکراوەتەوە یان کۆتایی پێهاتوە.ئەوا بێسارانی، سەیدی و مەولەوی شاعیرانی خاوەن شێوازی ئەم ڕەوتە، دەبن بە شاعیرانێکی خەسراو و بێبەهرە کە هزرێکی نەزۆک و زمانێکی قسریان هەبووە و نەیانتوانیوە لەسەر شیعری پاش خۆیاندا کاریگەری دابنێن. ئەمە لە کاتێکدایە کاریگەریی ئەم شاعیرە خاوەن شێوازانە لەسەر شاعیرانی هاودەم و پاش خۆیان ئەمە ناسەلمێنێت. دەقەکان و فەلسەفەی کارکردیی شێوازناسی شیعر بە تێکڕا، وا نیشان دەدەن کە ئەم شاعیرانە کاریزما، خاوەن شێواز و دیوانەکەیان شاکار و لووتکەی ئەدەبی بووە و لە سوورەت و سیرەتی شاعیرانی سەردەم و پاش خۆیان، کاریگەریی بەرچاو و هەست پێکراویان داناوە.
دەمەوێت لە بەستێنەی شیعری هەورامیدا ئاماژە بدەم بە خاڵێکی شێوازناسانە و ڕاستییەک بدرکێنم. هاوچەشنی شێوەی دەربڕینی شاعیرانی ئەم ڕەوتە شیعرە و دووبارەبوونەوەی شێوازەکەیان، بۆ خودی شیعری هەورامان، دیاردەیەکی دژوازی نواندووە؛ هەم بەهرەی هەبووە و هەم خەسار. لە لایەکەوە لە ناواخنی دەقەکاندا چەپکێک تایبەتمەندیی ئەندامی –دەنگ تەوەری و پۆلێک وردەکاریی ئەدەبی و جوانیناسی تر دەبینرێت کە وەک خاڵێکی ئەرێنی دێتە هەژمار و عەبدۆڵڵا گۆرانیش بۆ نوێکردنەوەی پڕۆسەکەی لەم قابیلییەتانە کەڵکی وەرگرت و هەمووی ئەمانەش لەژێر شاباڵی شاعیرانێک وەک بێسارانی، مەولەوی و سەیدیدا چڕکراوەتەوە. ئەگەرچی وەک زانایەکی گشتی و هێژموونیکار حاشا هەڵناگرن. بەڵام لە ڕەوڕەوەی مێژوویی ئەم ڕەوتەدا شاعیرانێکی باشیش هەبوون کە بە هۆی کەڕە سێبەری ئەوانەوە لە سووچەنیگای لێکۆڵەران و خوێنەرانی چەلەنگدا بزڕ و نادیار ماونەتەوە و ڕەوایەتە ئەدەبییەکان تەنیا بەوان کۆتایی هاتووە. لە لایەکی دیکەشەوە، ئەم ڕەوتە دەستخەڕەی ئەم وردەکارییە ئەدەبیانە بوو و لە درێژایی تەمەنیدا نەیتوانی لەو گۆمە مەندە تێپەڕێت و لە هەمان بازنەی نەریتی باوی ئەدەبیدا (سنت معهود ادبی) قەتیس مایەوە، بۆیە تا چەند دەیە پێشتر وەک شیعری کوردیی سۆرانی و گەلانی دەوروبەر، کرژتر و خێراتر گۆڕانکاریی فۆرم و ناوەڕۆکی سەردەمیانە و توێکڵی نوێ بوونەوەی بە خۆیەوە نەبینی و لە ئەزموونەکانی دیکەی دەوروبەر کەڵکی وەرنەگرت. جێگای باسە کە چەند دەیەیەکە پڕۆسەی نوێبوونەوە دەستی پێ کردووە و شاعیران لە فۆرمی ئازاددا خەریکی داهێنانی تەجروبەی تازەن و هەندێک دەقی تازە و هونەری لە دووتۆی کتێب و دەفتەرە شیعردا چاپ و بڵاو کراوەتەوە و زایەڵەی کاروانی نوێخوازیش بەردەوامە.
کۆتایی./