بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پۆلیسی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکی ئەمڕۆ 20 ی شوباتی 2022 ڕایگەیاندووە کە دوای ئەوەی شەی ڕابردوو بنکەی پۆلیسی کوردسات ئاگادار کرایەوە لە بوونی ڕووداوی سووتانی ژنێک، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی کوردسات گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دوای گواستنەوەی ژنەکە بۆ نەخۆشخانە، دەرکەوت کە ڕێژەی سووتانی جەستەی لە سەدا 75 ە و هەروەها داوای وەرگرتنی وتەی ئەو ژنە، دەرکەوت کە هاوسەرەکەی لە ناو ماڵی خۆیاندا نەوتی کردبووە سەریا و سووتاندوویەتی و پاشان هەڵهاتووە.
لەو ڕوونکردنەوەدا هاتووە کە لە ماوەی 24 کاتژمێردا توانرا ئەو تۆمەتبارە دەستبەسەر بکرێت.
لە ئێستادا ئەو تۆمەتبارە بە بڕیاری دادوەر و بە پێی مادەکانی 406 و 31 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەی لە گەڵ دەکرێت./.