بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی ئەکبەر سەفایی جێگری وەزیری گواستنەوە و سەرۆکی ڕێکخراوی بەندەرەکانی ئێران بە ئاماژە بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی هاوبەشی شاندی ئێرانی بە سەرۆکایەتی ڕۆستەم قاسمی وەزیری گواستنەوەی ئەم وڵاتە لە گەڵ وەزیری گواستنەوەی قەتەر و بەرپرسانی پەیوەندیداری دەریایی ئەو وڵاتە، ڕایگەیاند: لە لایەن وەزارەتی گواستنەوەی ئێرانەوە چوار ڕێکەوتن لە بەرچاو گیراوە کە یەکێک لە بواری ئاسمانی، یەکێک لە بەشی دەریایی، یەکێک لە بەشی بەندەرەکان و ئەوی دیکە کردنەوەی تونێلێکی ژێر دەریایی هاوبەش لە نێوان ئێران و قەتەرە و بەندەری دەیری بوشەهەر لە ئێرانەوە بە وڵاتی قەتەر دەبەستێتەوە.
ناوبراو وتی: سەرقاڵی دانوستانین و لە ژێر چاودێری وەزیری گواستنەوەدا سێ ڕێکەوتن بەرەو پێش دەبەین تا لە لایەن سەرۆک کۆماری ئێرانەوە واژۆی لە سەر بکرێت.
جێگری وەزیری گواستنەوەی ئێران وتی: کردنەوەی ئەو تونێلە دەریاییە قەتەر بە تەواوی وڵاتانی باکور، ئەورووپا، وڵاتانی ناوچەی دەریای خەزەر، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە ڕێگای وشکانی و هێڵی ئاسنەوە پێکەوە دەبەستێتەوە و ئەم پرۆژە بە گۆڕانکارییەکی گەورە بۆ قەتەر و ئێران دادەنرێت تا کەنداوی فارس بە باکور و باشورەوە ببەسترێتەوە و پەیوەندییەکی بەربڵاو لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا و ناوچەی خەزەر هەبێت.
سەفایی ئەو ڕێکەوتنەی بە هەنگاوێکی گەورە بۆ هەر دوو وڵاتی ئێران و قەتەر ناو برد و وتی: بەشێک لەو ڕێکەوتنە پەیوەندی بە بواری دەریایی و لە هەمان کاتدا بەشی وشکانی و هێڵی ئاسنی هەیە و بەم هۆیەوە لێژنەیەکی هاوبەش پێک دێت و کاتێک دانوستانەکان بگەنە ئەنجام، واژۆی لە سەر دەکرێت./.