بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕۆژانی ڕابردوو قەیرانێکی سیاسی لە نێوان ڕەوتی سەدر و عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق هاتووەتە پێشەوە کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە هۆکاری سیاسی و پەیوەندیدار بە ململانێی نێوان شێعەکان – چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر – بێدەنگیی هەڵبژاردووە و هیچ هەڵوێستێکی لە بەرامبەر ڕەوتی سەدر نەبووە.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، سەرچاوەیەکی سیاسی وردەکاری زیاتری لە سەر ململانێی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر ئاشکرا کردووە و هۆکاری بێدەنگییەکەی مستەفا کازمیشی بۆ ئەو دۆخە دژوارە گەڕاندووەتەوە کە پێی خۆش نییە ڕوبەڕوی ڕەوتی سەدر ببێتەوە.
سەرچاوەیەکی سیاسی لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە العالم الجدید ی ڕاگەیاندووە کە عەلی عەلاوی وەزیری دارایی یەکەم بژاردەی قوربانیی ململانێکانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدرە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، لە بەر ئەوەی کە ناوبراو شیاوترین و بەئەزموونترین کەس بۆ ئەم پۆستە بووە و قبووڵکراوی مەرجەعی ئائینی لە نەجەفیش بووە و ئێرانییەکانیش هیچ دژایەتی ئەویان نەکردووە.
ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە حاکم زامڵی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە سەر بە ڕەوتی سەدرە، لە وەڵامی تویتەکەی سەدر پەلەی کرد و بەپەلە عەلاویی بانگهێشتی پەرلەمان کرد و ئەمەش توڕەبوونی عەلاویی بەدواوە بوو و ناوبراو هەوڵی ئەوەیدا کە بە هەر شێوازێک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سەدرییەکان گوشاری خستە سەر مستەفا کازمی.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، کازمی سەرەتا ڕەزامەندیی لە سەر داواکەی عەلاوی دەربڕی و هەوڵی ئارامکردنەوەی سەدری دا و یەکێک لە ڕاوێژکارەکانی کازمی هاتە گۆڕەپانەکەوە و وایکرد کە چیدی سەرۆک وەزیران بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە نەکات و ئەمەش وایکرد کە بە بێ کازمی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان عەلاوی و سەدر پەرە بستێنێت.
ئەم هەنگاوەش چەندین ئامانجی مسۆگەر کرد، بۆ نموونە، دەرفەتی کێبڕکێی پۆستی سەرۆک وەزیرانی لە عەلاوی گرت و کازمیش لە ڕوبەڕوبونەوەی سەدرییەکان خۆیی ڕزگار کرد، بابەتێک کە مەترسی ئەوەی هەبوو لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران تووشی شکستی بکات، لە ڕاستیدا تیمەکەی کازمی عەلاوییان کردە قوربانیی بەرنامەکەی خۆیان.
لە لایەکی دیکەوە، باسیل حەسەن شرۆڤەکاری کاروباری سیاسی ڕایگەیاند کە بێدەنگیی کازمی لە بەرامبەر ناکۆکییەکانی نێوان سەدر و عەلاوی بە هۆی ئەو دۆخە دژوارەی پاش بڵاوبوونەوەی نامەکەی عەلاوییە.
ناوبراو وتی کە کازمی ناتوانێت ئاستەنگ بۆ سەدر درووست بکات بە تایبەت ئەوەی کە چاوی لە ویلایەتی دووەمە و ئەمەش بە بێ ڕەزامەندی و گڵۆپی سەوزی سەدر ناکرێت و لە لایەکی دیکەشەوە ناتوانێت پشت لە وەزیری دارایی بکات، لە بەر ئەوەی کە زۆربەی بڕیارەکان و هەنگاوەکانی عەلاوی بە ڕەزامەندی و پاڵپشتی سەرۆک وەزیران بووە.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە وتی کە لە ئەگەری پەرەسەندنی ئەم قەیرانە، کازمی ناچار بە نێوەندگێڕی دەبێت تا ناکۆکییەکان چارەسەر بکات بەڵام ئەگەر بخرێتە هەڵوێستەوە ئەوا بە دڵنیاییەوە عەلاوی دەکاتە قوربانی و لایەنگری لە سەدر دەکات./.