بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو گەل و حکومەتی ئێران و لوبنان کردەوە و هەوڵی هاوبەشی سەرجەم وڵاتانی بۆ گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ لوبنان و نەبوونی دەستێوەردانی دەرەکی لە پێناو ئامانجە سیاسییەکانی بە پێویست ناو برد.
ناوبراو پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەیروتی لە سەرجەم بوارەکانی سیاسی، ئابوری و ڕۆشنبیری وەبیرهێنایەوە و وتی کە پێویستە ڕێکەوتنەکانی پێشووی نێوان هەر دوو وڵات لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان جێبەجێ بکرێن.
نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی لوبنانیش کورتەیەکی لە سەر دوایین گۆڕانکارییەکانی وڵاتەکەی خستەڕوو و وتی: گەل و حکومەتی لوبنان چاکە و هاوکارییەکانی ئێران وەک وڵاتێکی گرنگ و کاریگەری ناوچەکە لەبیر ناکەن.
ناوبراو هیوای ئەوەشی خواست کە پەیوەندییەکانی نێوان لوبنان و ئێران لە سەرجەم بوارەکاندا بەرەوپێشچوونی زیاتر بە خۆوە ببینێت./.