بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فیلمی سینەمایی “ئەزموون” The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی”، لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەکتاش”، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا کاتژمێر 5:30 ئێوارێی ڕۆژی 5ی فێبرییەی 2022 لە بەشی سەرەکی بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤیکتۆریا” Victoria لە وڵاتی کەنەدا نمایشکرا و لە لایەن هۆگران، ڕخنەگران و نووسەرانی سینەماییەوە پێشوازیی لێکرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە بەدەستبێنێت.
“ئەزموون” بەرهەمی کۆمپانیای “میتۆس فیلم”ی بەڕلین و کۆمپانیای “مەستی فیلم”ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمانی “ئاڕت هوود” ArtHood لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.
بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤیکتۆریا” VFF بە سەرۆکایەتی “دان مەک دۆنا” Dan McDonagh، بە بەرپرسیاریی خاتوو “کێتی کەی” Kathy Kay و بە نمایشی بەرهەمی وڵاتانی جیهان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی”، بەشی پێشبڕکێی “فیلمە کەنەدییەکان”، بەشی پێشبڕکێی “کورتە فیلم”، بەشی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلم” و …لە ڕۆژانی 4 تا 13ی فێبرییەی 2022 لە شاری ڤهنکۆڤێر لە وڵاتی کەنەدا بەڕێوەچوو.
مەنسوور جیهانی