بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی دووشەممە 21 ی شوبات لە سەر بانگهێشتی فەرمی تەمیم بن حەمەد ئالی سانی میری قەتەر بە سەردانێکی دوو ڕۆژە دەگاتە ئەو وڵاتە.
کۆبوونەوە لە گەڵ میری قەتەر و دانوستانی شاندە باڵاکانی هەر دوو وڵات و واژۆکردنی چەند گرێبەست و ڕێکەوتنێک لە بەرنامەکانی ڕۆژی یەکەمی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ دەوحە دەبێت.
ڕەئیسی هەروەها لە گەڵ ئێرانییەکانی نیشتەجێی قەتەر کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا گوێ لە بۆچوونی بازرگانانی ئێرانی و قەتەری وەردەگرێت.
ناوبراو لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەیدا بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی هەناردەکاری گاز دەکات و لە پەراوێزی ئەوەش لە گەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای وڵاتانی بەشدار کۆدەبێتەوە.
وەزیرانی دەرەوە، نەوت، گەشتیاری و بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک کۆمار، ئەندامانی شاندەکەی یاوەری ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بۆ قەتەر دەبن.
ئەمە چوارەم سەردانی دەرەوەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ڕەئیسی پێشتر سەردانی تاجیکستان، تورکمانستان و ڕووسیای کردووە./.