بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان کە بەشداریی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا کردووە، شەوی هەینی و لە پەراوێزی ئەم کۆنفرانسەدا لە گەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر کۆبووە.
دوایین دۆخی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تاران و دەوحە تەوەرێکی سەرەکی وتووێژەکەی هەر دوو وەزیری دەرەوە بووە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لە سەر گرنگی پەیوەندییەکان لە گەڵ قەتەر کردەوە و هیوای خواست کە سەردانەکەی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە ڕۆژانی داهاتوو بتوانێت یارمەتیدەری پتەوبوونی زیاتری پەیوەندییەکان بێت.
بڕیارە سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی هەناردەکاری گاز ڕۆژی دووشەممە بە سەردانێکی دوو ڕۆژە بگاتە قەتەر./.