بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنج شەممە لە سی و دووەمین کۆنفرانسی یەکێتی پەرلەمانە عەرەبییەکان لە قاهیرە، ڕایگەیاند کە ئێستا کێشە و گرفتی جیاواز هەیە کە پێویستی بە ڕێگاچارەی جیاواز و کاریگەر و سەرەکییە.
ناوبراو وتی کە عێراق لە پاش هەڵبژاردنەکانی تشرینی 2021، قۆناغێکی هەستیار و گرنگی تێپەڕ کردووە و هەنگاوە یاساییەکانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی کابینەی نوێ دەستپێکردووە.
حەلبوسی وتی کە عێراق لە شەڕێکی چارەنووسسازدا و بە سەرکەوتنێکی مێژوویی کۆتایی بە خەلافەتی داعش هێنا و ناوچە داگیرکراوەکانی خۆیی ئازاد کردەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە ئەم وڵاتە بەرەو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێناو بەهێزبوونی دامەزراوەکانی حکومەت، پاڵپشتی لە پرۆسەی سیاسی، دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات و دەستپێکردنی چاکسازییەکان وەک خواستێکی زۆرینەی نیشتمانی هەنگاو دەنێت./.