بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاوکات لە گەڵ ساڵیادی ڕاپەڕینە مێژووییەکەی خەڵکی تەورێز لە 29 ی ڕێبەندانی ساڵی 1356 ی کۆچی هەتاوی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە گەڵ ژمارەیەک لە خەڵکی ئازەربایجان، ڕایانگەیاند کە لە ساڵانی بەرەڤانی پیرۆز بە پەیامێکی ئیمام خومەینی (رە) شەپۆلی خەڵک بەرەو بەرەکانی شەڕی دژ بە ڕژێمی تاوانباری سەدام ڕۆیشتن و لە قۆناغەکانی دواتریش وەک شەڕی بەرگری لە شوێنە پیرۆزەکان، بەرەنگاربوونەوەی دژبەرانی شۆڕش و حەماسەتەکەی بەفرانباری ساڵی 1388 ی کۆچی هەتاوی خەڵک ئەوەیان سەلماند کە چۆن پاڵپشتی لە شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەکەن.
بەڕێزیان وتیان: لە قەیرانی کۆرۆنادا گەنجانی زانای ئێرانی دەستبەجێ هەوڵەکانیان دەستپێکرد و چەندین جۆرە ڤاکسێنیان بەرهەم هێنا و ئەگەر ئەم وەبەرهێنانی ناوخۆییە نەدەبوو، ڤاکسێنیان بە ئێران نەدەدا.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: لە 22 ی ڕێبەندانی ئەمساڵ و یادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، سەرەڕای کێشەکانی وەک کۆرۆنا و ئابوری و پیلانگێڕیی دوژمنان، خەڵک ئەو ڕێپێوانە گەورەیان کرد کە بە پێی هەندێک ڕاپۆرت لە بەشێک لە پارێزگاکان لە ساڵانی ڕابردووش زیاتر بووە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وزەی ئاشتیخوازی ناوەکییان بە یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی داهاتوو ناو برد و وتیان: هۆکاری سەرەکی دوژمنایەتییەکان لەم بوارەدا و سەپاندنی سزا زاڵمانەکان، ڕێگرییە لە پێشکەوتنی زانستیی ئێران بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی داهاتوو.
بەڕێزیان وتیان: لە ڕێکەوتنی ناوەکی هەندێک ڕەخنەی من ئەوە بوو کە چەند خاڵێک دەبوایە لەو ڕێکەوتنە جێی گرنگی بێت تا دواتر نەبێتە کێشە، بەڵام وانەکرا و ئێستا کێشەکان دەبینین.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بە ئاماژە بە پێشکەوتنە زانستییەکانی وڵات کە لە هەندێک بواردا زیاترە لە ئاستی مامناوەندی جیهانی، وتیان: شۆڕشی ئیسلامی گۆڕانکاری بنەڕەتی و بەرچاوی لە ژێرخانە سەرەکییەکانی وەک ڕێگاوبان، درووستکردنی بەنداو، ئاو، کارەبا، خزمەتگوزارییەکانی پزیشکی و تەندرووستی کردووە کە ئەگەر شۆڕش و ئەو تێکۆشانە نەدەبوو، بە دڵنیاییەوە ئەم پێشکەوتنانە نەدەبینرا.
بەڕێزیان لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیاندا جەختیان کردەوە: زیندووبوونی شۆڕش بە واتای پاڵپشتی خەڵکە بە ئامانجەکانی و ئەگەر ئەم پاڵپشتییەش نەدەبوو، دوژمن پێویستی بەم هەموو ناپاکییە نەدەبوو، هەر بۆیە دوژمنایەتییەکان بە هۆی خۆڕاگری و وەفاداری و پاڵپشتی خەڵکە لە شۆڕشی ئیسلامی.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە ڕووی لە گەشەسەندنە و شکۆی نەبووی ڕەوتی ستەمکاری جیهانیی شکاندووە و زمانی گەلانی ناوچەکەی لە بەرامبەر زوڵمی ئەمریکییەکاندا کردووەتەوە و دەبێت بە بەردەوامیی شۆڕش ڕێز لەم نێعمەتە بگرین./.