بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ماتیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو چەند چاوپێکەوتنێکی لە بەغدا و هەولێر هەبووە کە پرسیاری جیدیی لە سەر کاتی ئەم چاوپێکەوتنانە هێناوەتە پێشەوە.
چاوپێکەوتنەکانی باڵیۆزی ئەمریکا پاش ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق و ئەو هەلومەرجە تایبەتەیە کە لەم وڵاتەدا دەبینرێت و لە سەر ئاستی کوردستان و عێراق لایەنە سیاسییەکان لەوپەڕی ناکۆکیدان و لە سەر پۆستە باڵاکان و پێکهێنانی کابینەی نوێ هیچ ڕێکەوتنێکی سەرەتاییش نەکراوە. پرسیار ئەوەیە کە ئایا چاوپێکەوتنەکانی تۆلەری ئەمریکی لە گەڵ ئەم قەیرانە سیاسییەی ئێستای عێراق پەیوەندیی هەیە یان نە؟
تۆلەر لە گەڵ محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا کۆبووە و سەبارەت بە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە و ناوچەکە و هەندێک دۆسیەی تایبەت و هاوبەش وتووێژی کرد.
باڵیۆزی ئەمریکا پاشان سەردانی کازمەینی کرد و لە گەڵ ئایەتوڵڵا سەید حوسێنی سەدر لە مەرجەعەکانی عێراق کۆبووە بەڵام هیچ وردەکارییەک لە سەر ئەو کۆبوونەوە بڵاو نەکرایەوە.
لە هەرێمی کوردستانیش بڵاوکرایەوە کە ماتیۆ تۆلەر و نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا چەند دۆسیەیەکیان تاوتوێ کردووە.
تۆلەر پاشان چاوی بە مەسعود بارزانی کەوت. ژمارەیەک لە میدیاکانی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکان، چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەکانی باڵیۆزی ئەمریکایان بە تایبەت لە هەولێر بە گوماناوی ناو بردووە.
کەناڵی هەواڵی العهد ڕایگەیاند کە چاوپێکەوتنەکانی باڵیۆزی ئەمریکا لە گەرمەی ئاڵۆزییە سیاسییەکانی لایەنەکانی براوەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق و هەوڵدان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی کابینەی نوێ کراوە.
شروق عەبایجی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە چاوپێکەوتنەکانی تۆلەر جێی سەرسوڕمان نییە، کێشەکە لەوەدایە کە سەرجەم دەستێوەردانە دەرەکییەکان لە بەرژەوەندی گەل و نەهێشتنی ئێش و ئازارەکانی ئەواندا نییە بەڵکوو لە پێناو خزمەت گەیاندنە بە چینی سیاسیی ڕکابەری دەسەڵات.
ناوبراو ڕایگەیاند کە چارەسەری قەیرانەکانی عێراق بەم شێوازەی ناوخۆیی نابێت و بە دڵنیاییەوە کە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران بە پێی چارەسەری دەرەکی دەبێت.
ڕاشیگەیاندووە کە لاوازیی لایەنە سیاسییەکان و ناکۆکییەکانیان ڕێگای بەردەم دەستێوەردانی دەرەکیی لە عێراق کردووەتەوە.
لە عێراق تا سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێرێت لایەنەکان ناتوانن باس لە پێکهێنانی کابینەی نوێ بکەن، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش پێویست بە دەنگی دوو لە سەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە، واتە 220 کەس لە 329 ئەندامەکەی پەرلەمان./.