دکتۆر ڕێبوار محەممەد ساڵح، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی یاسایی، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراقی لە ڕووی نەتەوەیی و لێدان لە کیانی هەرێمی کوردستان بە جێی نیگەرانی ناو برد و لە هەمان کاتدا ڕایگەیاند کە بە پشت بەستن بە مادەکانی 110 و 112 ی دەستووری عێراق یاساییە.
ناوبراو وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوەدا کەوتووەتە هەڵەوە کە پێی وا بووە ئەوەی لە مادەی 112 دا هاتووە باسی الحقول الحالیە دەکات و وا لێی تێگەیشتوون کە ئەو کێڵگە نەوتییانە دەگرێتەوە کە لە کاتی دەرچوونی دەستووردا لە هەرێمی کوردستان هەبوون، لە کاتێکدا کە لە کاتی دەرچوون و پەسەندکردنی دەستووردا هیچ کێڵگەیەکی نەوتی لە هەرێمدا نەبووە، هەر بۆیە دادگا دەستەواژەی الحقول الحالیەی بە سەر حقلە مستقبلەکانیشدا جێبەجێ کردووە، ئەمەش لە ڕوانگەی لێکدانەوەی دەقەکانی یاساوە درووستە لە بەر ئەوەی کە دادوەر حیکمەی دەق وەردەگرێت لە کاتی جێبەجێکردندا نەک لە کاتی تەشریعدا.
ئەو پسپۆڕەی بواری یاسا سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی هەرێم کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراقی بە سیاسی ناو بردووە، وتی: حکومەتی هەرێم لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت کە ڕێگەی یاسا و دەستوور و دادگا دەگرینەبەر، ئەمەش لە ڕاستیدا هەڵەیە، لە بەر ئەوەی کە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا هەڵوەشاوەتەوە و بەرزترین دادگاش دادگای فیدراڵییە و بەو شێوەیە بڕیارەکەی دەرکردووە، بۆیە نەدەبوو بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێم بەو شێوەیە بێت، ئەم شێوازە دەربڕینە نادەستووری و نایاساییە و هیچ ئەنجامێکی باشی نابێت.
ناوبراو سەبارەت بەوەی کە ئایا بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت یان نە، وتی: لە جەوهەری بڕیارەکەدا بە شێوەیەک دەستەبەری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت پەلە بکرێت لە یاسای موازنە و پشکی هەرێم دەستەبەر بکرێت، بەڵام ئەمە بۆ حاڵەتێکە کە حکومەتی هەولێر پابەندی بڕگەکانی دیکەی بڕیارەکە بێت، بە پێچەوانەی ئەمەش یەکێک لە نیگەرانییەکان بڕینی ئەو پارەیە دەبێت کە مانگانە لە ناوەندەوە دێت، بەرپرسانی حکومەتی بەغدا بە هۆی بڕیارەکەی دادگاوە وەک ڕابردوو ناتوانن پارەکە ڕەوانەی هەرێم بکەن.
دکتۆر ڕێبوار محەممەد ساڵح لە بەشێکی دیکەی ئەم وتووێژەدا ڕایگەیاند کە دەقی بڕیارەکەی دادگا دەسەڵاتی ئەوەی بە حکومەتی عێراق داوە بۆ پێداچوونەوە بە سەر تەواوی گرێبەستەکان و هەڵوەشانەوەی هەر گرێبەستێک کە زیانی بۆ ئەم وڵاتە هەبێت، لەو کاتەشدا کۆمپانیاکان مافی قەرەبوویان نابێت لە بەر ئەوەی کە بە بێ ڕەزامەندی حکومەتی بەغدا مامەڵەیان کردووە.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد