بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبد دەروێش نووسەر و ڕۆژنامەنووسی سوری بە پێگەی المعلومە ی ڕاگەیاند کە ئەمریکا نەوت و گەنمی سوریا بۆ دابینکردنی بودجەی دارایی تیرۆریزم لە ناوچەکە تاڵان دەکات.
ناوبراو وتی: بە شێوازی مامناوەند، تاڵانکردنی نەوتی سوریا لە لایەن ئەمریکاوە مانگانە 3 ملیۆن بەرمیل دەبێت. دەزگای هەواڵگری ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا نەوتەکەی سوریا لە ڕێگای تەنکەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەگوازێتەوە و بە پێی ئەم ڕاپۆرتە مانگانە 3 ملیۆن بەرمیل نەوتی سوریا لە لایەن ئەمریکاوە تاڵان دەکرێت.
وتیشی کە ئەمریکا هەروەها گەنم و بەرهەمی دانەوێڵەکانی سوریاش تاڵان دەکات و بۆ گەیشتن بە ئامانجە تایبەتەکانی، ئەم بەرهەمانە لە ڕێگای خاڵە سنورییەکانەوە دەباتە هەرێمی کوردستان.
دەروێش وتی: دزینی نەوتی سوریا لە لایەن ئەمریکاوە بۆ گەیشتنە بە چەند ئامانجێکی تایبەت، وەک بێبەشکردنی خەڵکی سوریا لە سەرچاوەکانی وڵاتی خۆیان لەم هەلومەرجە ئابورییە و ئەو گەمارۆ زاڵمانەی کە واشنتن و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە سەر ئەواندا سەپاندوویانە تا حکومەتی سوریا بۆ خۆبەدەستەوەدان و دانوستان لە گەڵ هێزەکانی هەسەدە هان بدەن.
ئاژانسی تاس ی ڕووسیا ئاشکرای کردووە کە واشنتن بەردەوامە لە دزینی نەوتی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و بازرگانیی نایاسایی بە سەرچاوە تاڵانکراوەکان و یەک لە سەر سێی ئەوتەکەی سوریا بە نرخی 35 تا 45 دۆلار بە هەرێمی کوردستان دەفرۆشێت.
وەزارەتی نەوتی سوریا ڕایگەیاند کە شەڕی سەپێندراوی دژ بەم وڵاتە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو، لە بەشی نەوت و سەرچاوە سرووشتییەکان زیاتر لە 100 ملیار دۆلار زیانی بە دواوە بووە./.