بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەیەکی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی سوریا کە ئاژانسی سانا زمانحالی فەرمی حکومەتی دیمەشق بڵاویکردووەتەوە، هاتووە کە دوو هێرشە ترسنۆکانەکەی ڕۆژی چوارشەممە زیانی مادی و گیانیی نەبووە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە حکومەتی سوریا سەبارەت بە بەردەوامی ئەم هێرش و تاوانانە و مەترسییەکانی لە سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و ئاشتی نێودەوڵەتی، هۆشداری دەدات.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا ڕایگەیاندووە کە ئەم هێرشانە دەبنە کێشەیەکی گەورە بۆ ئەنجامدەران و هاندەرانی و سوریا مافی وەڵامدانەوەی بۆ خۆی بە پارێزراو دەزانێت و لێکەوتە مەترسیدارەکانیشی دەخاتە ئەستۆی ئەنجامدەرانی.
بەیاننامەکە ڕایگەیاندووە کە ئەم هێرشانە بە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە سەبارەت بە سوریا و لوبنان.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا لە بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پاڵپشتییەکانی ئەمریکا لە ڕژێمی زایۆنیستی ڕەخنەی توند گیراوە و ئەم بێدەنگییەش بە هۆکاری لاوازبوونی پێگە و ڕەوایەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناو براوە./.