بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە تووشی ئاستەنگ بووە و هەلمەتی بایکۆتی لایەنەکان و ناکۆکی نێوماڵی کوردی بووەتە هۆی ئەوەی کە دانیشتنەکەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار نەکرێت و بە وتەی شارەزایانی یاسایی، عێراق لەم بوارەدا دەچێتە بۆشایی یاساییەوە.
شارەزایانی یاسایی لە عێراق دەڵێن کە ئەمە یەکەم جار نییە ئەم وڵاتە تووشی بۆشاییە دەستوورییە بووبێت و پێشتر لە ساڵانی 2010 و 2014 هەلومەرجی وەها بینراوە.
ئەوەی کە لە ئێستادا بووەتە کێشە و ئاستەنگ لە بەردەم هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق، ناکۆکییەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لە سەر کاندیدەکان و هەروەها هەڵمەتی بایکۆتی لایەنەکان و نەبوونی نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمان.
فراکسیۆنی سەدر، فراکسیۆنی سیادەی سوننەکان، فراکسیۆنی پارتی دیمۆکراتی کوردستان، چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەندام پەرلەمانە تورکمانەکان دانیشتنەکەی دووشەممەی پەرلەمانی عێراقیان بایکۆت کرد.
بە پێی دەستووری عێراق، پەرلەمانی ئەم وڵاتە دەبێت بە دەنگی دوو لە سەر سێی ئەندامەکانی – 220 ئەندام لە کۆی 329 ئەندامەکە – یەکێک لە کاندیدەکانی سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت.
بە وتەی شارەزایەکی یاسایی، لە ئەگەری شکستی هەوڵەکانی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆک کۆماری ئێستا درێژە بە کارەکانی دەدات و ئەم دۆخەش دەتوانێت تا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەردەوام بێت، ئەمەش بۆ حکومەتەکەی مستەفا کازمیش بە هەمان شێوە دەبێت و لە ئەگەری نەبوونی ڕێکەوتنی لایەنەکان، کابینەی ئێستا دەتوانێت وەک کابینەی کاربەڕێکەر بەردەوام بێت، بە واتایەکی دیکە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران تا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی جێگرەوە دەتوانن درێژە بە کارەکانیان بدەن./.