بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە میانەی وتارێکیان لەو چاوپێکەوتنەدا وتیان: ئەگەر هێزەکانی بەرەی ڕاستی و ئیسلامم لە هەر گۆڕەپانێکی تێکۆشاندا لە بواری سەربازی، زانستی، توێژینەوەیی و بوارەکانی دیکە، ئامادەبوونێکی چالاکانە و کاریگەری و هیوادارانەیان هەبێت و هێزی ڕواڵەتیانەی دوژمنان کاریگەری لە سەر ئەوان دانەنێت، بە دڵنیاییەوە پیلان و نەخشەی دوژمنان بە هەڵە دەردەچێت لە بەر ئەوەی کە ئەمە وتەی خودای گەورەیە.
بەڕێزیان سەبارەت بە ئەمریکا وتیان: ئەمڕۆ نەخشە و لێکدانەوەکانی ئەمریکییەکان بە هەڵە دەرچووە و لە ئێستادا لە ناوخۆی ئەو وڵاتەوە زیاترین زیانیان پێدەگات، وەک ئەوەی کە لە سەرۆک کۆماری پێشوو و ئێستای ئەو وڵاتەوە دەبینرێت و دەستیان داوەتە دەستی یەکترەوە تا ئەو ئابڕوە کەمەشیان کە ماوە لە ناوی ببەن.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە درێژەدا دیکتاتۆریەتی میدیاییان بە یەکێکی دیکە لە دیکتاتۆریەتی هێزەکانی ڕۆژئاوا سەرەڕای بانگەشەی ئازادی ڕادەربڕین لەو وڵاتانە ناو برد و بە ئاماژە بە هەندێک نموونەی وەک لابردنی ناو و وێنەی شەهید سولێمانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وتیان: ئەوان هەر وشە و وێنەیەک کە دژی سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا بێت قەدەغەی بڵاوبوونەوەی لە سەر ڕادەگەێنن و لە بەرامبەردا لەم ڕێگایەوە بۆ زیان گەیاندن بە ئیسلام و کۆماری ئیسلامی زیاترین کەڵک وەردەگرن.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە کۆتاییدا، پێشکەوتنە بەرچاو و بەردەوامەکانی وڵاتیان بە پێچەوانەی ئیرادەی ناحەزان بە مزگێنی بەخشی داهاتوویەکی باشتر بۆ گەل ناو برد و وتیان: وەک چۆن کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ئەم 43 ساڵەدا بەهێزەوە چووەتە پێشەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتریش دەبێت، ئەم شۆڕشە بە یارمەتی خودای گەورە باشتر لە ڕابردوو بەردەوام دەبێت و دوژمنان دیسانەوە تووشی شکست دەبن./.