بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا سەبارەت بە ئەنجامی سەردانەکەی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ ڕووسیا و پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە بوارە جیاجیاکان بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیادا هاتووە کە لەو وتووێژەدا ڕەوتی دانوستانەکانی ڤیەننا بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن تاوتوێ کرا و هەر دوو لا داوای ئەوەیان کرد کە ڕێکەوتنی ناوەکیی ساڵی 2015 کە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە پەسەند کراوە، چالاک بکرێتەوە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و لاوڕۆڤ هەروەها لە سەر دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەش بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کرد./.