عەباس فەتاح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بەو ئاڵۆزییە سیاسییە کە لە سەر پۆستی سەرۆک کۆمار دەبینرێت، وتی: حیزبەکان لە لایەکەوە مافی ئەوەیان هەیە داوای ماف و بەشی حیزبیی خۆیان بکەن بۆ هەر پلە و پۆستێک بێت بەڵام دەبێت ئەوەش لە پێناو جێکردنەوەی کەسەکان نەبێت و پێویستە لە پێناو خزمەتکردن و جێبەجێکردنی بەرنامەی حیزبەکە بێت بۆ ئەوەی کە لە ڕێگای ئەو پۆستە و کەسەکەوە خزمەت بە خەڵک بکات.
ناوبراو وتی: بە پێی ئەو هەلومەرج و گۆڕانکارییانەی کە دەبینرێت پێویستە لە سیستەمی بەرێوەبردنی حیزب و حکومڕانیدا گۆڕانکاری بکرێت، ڕێڕەوی کاری حیزبی لە حکومەت جیا بێت، بارودۆخی هەرێمی کوردستان بارودۆخێکی تایبەتە و ئێمە تا ئێستا خاوەن دەوڵەت نین و پێویستە ئەمەش هاندەری حیزبەکان و کادیر و لایەنگرانیان بێت کە لە سەر هەندێک پلە و پۆست کێشەکان بەم شێوەیە ئاڵۆز نەکەن تا بارودۆخی هەرێمی کوردستان تێک نەچێت.
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان وتی: ڕاستە کە هەر حیزبێک مافی هەڵبژاردنی تایبەت بە خۆیی هەیە بەڵام دەکرێت ناکۆکییەکان و ئەم بابەتانە بە وتووێژ چارەسەر بکرێت.
عەباس فەتاح وتی: پارتی و یەکێتی حکومڕانی هەرێمی کوردستانن و تا ئێستا بەدیلێک نەبووە کە بتوانێت لەم دوو حیزبە باشتر بێت و هەرێمی کوردستان بە سیستەم بەڕێوە ببات. لە لایەکی دیکەوە ئەم دوو حیزبە لە زۆر قۆناغدا زوو لە گەڵ یەک ئاشت دەبنەوە و زوویش توڕە دەبن و ئەمەیە کە دڵەڕاوکێی لە هەرێمی کوردستان درووست کردووە و باشترە بزانن کە هەرێمی کوردستان بە بێ ئەم دوو هێزە بەڕێوە ناچێت و زیاتر پەیوەندی بە ژمارەی کورسییەکانی ئەوانەوە نییە و پێویستە لە گەڵ یەکتر هاوکار بن و شەریکی ڕاستەقینەی یەکتر و حکومڕانی هەرێمی کوردستان بن.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد