بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر سەید مستەفا نەچواک ڕایگەیاند کە چای سەوز خواردنێکی تەندرووستە و تایبەتمەندی و سوودی زۆری بۆ تەندرووستی جەستە هەیە بەڵام شارەزایان و پسپۆڕان دەڵێن کە لە خواردنیدا نابێت زێدەڕۆیی بکرێت.
ناوبراو وتی: لە پێکهاتەی چای سەوزدا هەندێک تایبەتمەندیی وەک دژە شێرپەنجە و ئەنتی ئۆکسیدانەکان هەیە و ئەمەش دەبێتە هۆی باشتربوونی چالاکی مێشک، باشتربوونی یادەوەری و کاریگەریشی لە سەر هەڵسووکەوتی مرۆڤ دەبێت.
ئەو مامۆستایەی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان هەروەها وتی: ڕێگری لە خێرابوونی پرۆسەی پیری و کەمبوونەوەی عەقڵ، ڕێگری لە نەخۆشی شەکرە، تایبەتمەندی دژ بە هەوکردن و ڕێگری لە گەشەی بەکتریاکان لە ناو دەمدا بە کۆمەڵێکی دیکە لە سوودەکانی خواردنی چای سەوز دادەنرێت.
مستەفا نەچواک وتی: بەڵگەی تەواو لە بەردەستدا نییە کە ئەوە بسەلمێنێت خواردنی چای سەوز چەورییەکان دەسووتێنێت و کێشی جەستە دادەبەزێنێت بەڵام ڕەنگە خواردنی ئەم چایە لە ماوەیەکی بەردەوام هەندێک کاریگەریی لە سەر دابەزینی کێشی جەستە هەبێت.
وتیشی کە زۆر خواردنی ئەم چایە دەبێتە هۆی حاڵەتی ڕشانەوە و کێشەش بۆ جگەر درووست دەکات و باشتریش وایە کە 2 کاتژمێر پێش یان پاش نان خواردن بەکار بهێندرێت.
ئەو دکتۆرەی پسپۆڕی خۆراک هەروەها وتی کە خواردنی چای سەوز بۆ ژنانی دووگیان و ئەوانەی شیر بە کۆرپەلەکەیان دەدەن باش نییە و بۆ کەسانی دیکە ڕۆژانە 2 تا 3 کوپ دەکرێت بخورێت./.