بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و جوزپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا دوایین دۆخی دانوستانەکانی ڤیەننایان تاوتوێ کرد.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا وتی کە دانوستانەکان گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار و سەرجەم لایەنەکان چاوەڕوان دەکرێت بە بەرنامەیەکی دیاریکراو و لە پێناو گەیشتن بە ڕێکەوتنی کۆتایی بگەڕێنەوە ڤیەننا و ئامادەی گرتنەبەری بڕیارە سیاسییەکان بن.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش وتی کە لە خولی پێشووی دانوستانەکان هەندێک گۆڕانکاری ئەرێنی ڕووی داوە بەڵام هێشتا بە پێی چاوەڕوانییەکانی ئێمە نییە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئێمە بە ڕاشکاوانە ڕامانگەیاندووە کە هەوڵی ڕێکەوتنێکی باش دەدەین بەڵام پێداگریش لە سەر پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و هێڵە سوورەکانی خۆمان دەکەینەوە.
ناوبراو وتی کە ڕێکەوتنی ناوەکی لەم ساڵانەدا هیچ بەرژەوەندییەکی ئابوریی بۆ ئێمە نەبووە و تەنیا لە حاڵەتێکدا دەگەینە ڕێکەوتنێکی باش کە بەردەوام بەرژەوەندییە ئابورییەکانی وڵاتی ئێمە دابین بکات./.