بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەواڵی وتووێژی تەلەفوونیی مستەفا کازمی و ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانی ڕاگەیاند.
ئاژانسی فەرمی عێراق بە گێڕانەوە لە نووسینگەی مستەفا کازمی ڕایگەیاند کە هەر دوو لا سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان وتووێژیان کردووە و جەختیان لە سەر گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەر دوو وڵات لە بوارە جیاجیاکان کردووەتەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە پەیوەندییەکی تایبەت ناوبرد و ڕایگەیاند کە بەغدا داوای پەرەپێدانی دەکات.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ستایشی هەوڵەکانی عێراقی کرد بۆ نزیککردنەوەی تێڕوانین و پاڵپشتی لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و ئیدانەی هەر هەوڵێکیشی کرد کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بکاتە ئامانج./.