دکتۆر هەڵمەت غەریب مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی کە بەهێزبوونی کورد لە یەکڕیزیدایە و پەرتەوازەیی دەبێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی کورد لە عێراق و لایەنە سیاسییەکان لە پرۆسەی سیاسی.
ناوبراو وتی: بە هۆی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان کیانێکی دەستوورییە، ئەم ململانێی نێوان هەر دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە ناتوانێت کاریگەریی لە سەر دابنێت بەڵام کاریگەریی لە سەر لاوازبوونی پێگەی لایەنەکان لە پرۆسەی سیاسیدا دەبێت.
ئەو چاودێری سیاسییە سەبارەت بە ئەرک و ڕۆڵی نووسەران و ڕۆشنبیران لەم کاتە هەستیارەدا وتی: پێویستی بەوە دەکرد کە ڕۆشنبیران و نووسەرانی کورد ئەوەیان بۆ دەسەڵاتداران و سیاسەتمەداران ڕوون بکردایە کە پەرتەوازەیی سیاسی دەبێتە هۆی پەرتەوازەیی کۆمەڵایەتی و دابڕانی کۆمەڵایەتی، بەڵام ئەو ڕۆڵەیان دیار نییە.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد