بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یۆنیسێف هەواڵی کوژران و کەمئەندامبوونی 125 منداڵی عێراقیی لە ساڵی 2021 بە هۆی تەقینەوەی پاشماوەکانی شەڕەوە ڕاگەیاندووە.
لە بەیاننامەیەکی ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییەدا هاتووە کە لە هەفتەی ڕابردووش 4 منداڵ بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە و 2 منداڵی دیکەش دەست و قاچی خۆیان لە دەست داوە.
یۆنیسێف داوای زیاترکردنی هاوکارییەکانی بۆ ڕێگری لەم دیاردەیە کردووە.
پاشماوەکانی شەڕ – مین و بۆمبی نەتەقیو – بە گرنگترین کێشەی بەردەم حکومەتی عێراق بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێن و ماڵی خۆیان دادەنرێت.
جاسم فەلاحی وەزیری تەندرووستی و ژینگەی عێراق بە وەکالەت، ڕایگەیاندووە کە لە سەدا 53 ی ناوچانەکانی ئالوودەی پاشماوەکانی شەڕ پاک کراونەتەوە و لە ئێستادا 2761 کیلۆمەتری چوارگۆشەی ماوەتەوە کە لە سەدا 57 ی لە پارێزگاکانی باشور و لە سەدا 25 ی لە پارێزگاکانی ئازادکراوی ژێر دەستی داعش و لە سەدا 18 ی دیکەشی لە پارێزگاکانی ناوەڕاستی عێراقدایە./.