جام کوردی – نالی لە فۆرم و کەرەستەی زمان و پێکهاتەدا، زۆرتر لە ڕەگەزەکانی زمانی عەرەبی و تەنانەت فارسی کاریگەری وەرگرتووە. لە دەقەکانیدا پتر لە سەدی هەشتای توخمە زمانییەکانی، راستەوخۆ وەرگرتەن لە زمانی عەرەبی، ئەمەش بێ ئەوەی لە نرخ ناسی، کەشف، داهێنان و سلووکی هونەری و شاعیرانەی نالی کەم بکاتەوە، وەک ڕاستییەکی نیشانەناسی و زمانەوانی، لە دوو تۆی پێکهاتەی دیوانەکەیدا ئەم دیاردە بە ڕوونی و زەقێتی تەواو خەمڵێنراوە. لەم بەیتەدا زۆربەی وشە سەرەکییەکان عەرەبی ڕووتن:
ظاهیر و باطین لە سەر لەوحی حەقێقەت یا مەجاز
ئاشنای سێڕڕی قەلەم بێ، غەیری نالی کەس نەما
(نالی، ١٣٦٣:١٣١)
یان ئەم بەیتە:
طەیبە کە یەعنی عەکسی بەقیعی هەموو عەبیر
طەیبە کە یەعنی مایەیی ئەو میشکی ئەزفەرە
(نالی، ١٣٦٣: ٤١٦)
لە هەمان کاتدا شیعری قوتابخانەی هەورامی بە تێکڕا و شیعرەکانی دیوانی مەولەوی زۆربەیان ملوانکەی وشەی ڕەسەنن لە مرواری شێوەکانی تر بە تایبەت هەورامی، ئەگەر بە رەچەڵەک وشەی عەرەبی یان فارسییان تێدا بێت ئەوا لە ئاڵوگۆڕی زمانەکەدا، بە تێهەڵکێش و تواندنەوەی دەنگەکان، ناسنامە و کەسایەتی خۆیان پێدراوە. بۆ وێنە «صبح، زحمت، ضعیف، محبت، محنت، طالع، قناعت، لعل، شعلە، قهر، و…» کە هی زمانی ترن، پڕۆسەی دەنگییان گۆڕراوەو کراون بە «سوب، زامەت، زایف، موبەت، مەینەت، تاڵە، قنیات، لاڵ، شۆڵە، قار و…».
هیچ نەبەردەن نام خەستەی دەردەکەش
نەکەردەن خەیاڵ «مەینەت» وەردەکەش
(مەولەوی، ١٣٨٤: ٢٧٤)
یان ئەم دێڕە بە ڕواڵەت تاقە وشەیەکی عەرەبی تێدا نییە:
جە سەردی «مۆبەت» ئازیز بێ گەرد
جۆی هووناو دڵ جە دیدەم یەخ کەرد
(مەولەی، ١٣٨٤: ١٦٩)
ئەمە بگرە بەرچاوترین خزمەت بێت کە شاعیرێک کردوویەتی بە دەوڵەمەندی و ڕسکاندن و فرانەیی12زمان. ئەم خاڵە لەژێر نیگای تیژبین و هزری هونەریی عەبدۆڵا گۆراندا بزر نەبووە و بە ڕوونی کاریگەری وەرگرتوە و لە بواری زمان پاراویی شیعری هەورامییەوە، لە ساباتی شیعرە تازەکانیدا، مەزنترین خزمەتی بە وشەی زمانی کوردی کرمانجیی ناوەڕاست کردووە. لەو دەمەدا هەموو دەزانین رۆشنبیرەکانی ساڵەکانی بیست و سییەکان، پاراوی زمانی فارسی و تورکی بوون و تەواو مەستی ئەو دوو سەرچاوە بوون و زمانی عەرەبیش دوابەدوای ئەوان لە شەپۆلی کارتێکرندا بوو. لەو رۆژگارەوە مەسەلەی بە کوردیی پەتی نووسین و بژارکردنی زمانی کوردی لە وشەی بێگانە سەری هەڵدا و بایەخی پێدراوە، ئەمە بەگشتی بوو بە جۆری ناسک و سەرکەوتوانەی شێوازی شاعیر بۆ تەڕ و پاراوی زمان و کوردیی پەتی و وشەی ئاوازداری کوردی و هەمیش ڕوونی واتا و مەبەست. (کاکەی فەللاح، ١٩٧٨: ٤٦.)
کۆتایی بەشی چوارەم
درێژەی هەیە