شێرکۆ محەممەد ئەمین لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بەم ململانێی ئێستای نێوان پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری عێراق، وتی: پارتی و یەکێتی بەرژەوەندی کەسی و بنەماڵەیی و حیزبییان خستووەتە پێش بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خەڵکی کوردستان.
ناوبراو وتی: پێویستە لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا هێزی نوێ بە تێڕوانینی دیکەوە هەبێت کە بتوانێت هاوکێشەکان پێچەوانە بکاتەوە و لە ستراتیژی ئەو هێزەدا گرنگی بە خەڵک و نیشتمان بدرێت.
شێرکۆ محەممەد ئەمین وتی: لە ئێستادا حیزب شوێنی حکومەتی گرتووەتەوە و ئەمەش لێکەوتەی خەراپ و مەترسیداری بە دواوە دەبێت، حیزب و کەسەکان کاتێک دانوستان و وتووێژ دەکەن سەرەتا بەرژەوەندییەکانی خۆیان بە لاوە گرنگە و بەرژەوەندییەکانی نیشتمان و خەڵک پشتگوێ دەخەن، هەر بۆیە پێویستە دەستەیەکی نیشتمانیی پسپۆڕ درووست بکرێت کە ئەجێندا و ستراتیژی نیشتمانیی هەبێت و بتوانێت هەنگاو بەرەو مسۆگەرکردنی ماف و ئیمتیازاتی خەڵکی کوردستان هەڵبگرێت.
ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان وتی کە باشترە بۆ ئەو دەستەیە پەرلەمان وەک مەرجەعێک بێت نەک بارەگای حیزب و ئەم و ئەو بڕیار بدات.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد